رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل کۆبوونەوە و تێیدا پرۆژەیاسایەک خرایەڕوو بۆ ئەوەی 54 ملیار دۆلار هاوکاری دارایی ئۆکراینا بکرێت، بەڵام پرۆژەیاساکە لەلایەن هەنگاریاوە ڤیتۆ کرا.
رۆژی هەینی، 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند، "ڤیتۆ بۆ ناردنی پارەی زیادە بۆ ئۆکراینا."
دوای بڕیارەکەش وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بڕیاریان دا، لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دووبارە لەسەر هەمان پرس کۆببنەوە و تێیدا بگەنە رێککەوتنێک بۆ ناردنی یارمەتی دارایی بۆ ئۆکراینا.
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا رایگەیاند، "ئێمە 26 وڵات هاوڕاین، ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە هەنگاریاوە نییە، بەڵام من متمانەم هەیە بۆ ساڵی داهاتوو بگەینە رێککەوتن."
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا گوتیشی، "ئێمە هێشتا هەندێک کاتمان هەیە، ئۆکراینا لە چەند هەفتەی داهاتووش بێ پارە نابێت."
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 14-12-2023 یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا کە گفتوگۆی تایبەت بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتییەکە دەستپێبکاتەوە.
دەستپێکردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەندامبوونی ئۆکراینا نیگەرانی هەنگاریای لێکەوتەوە و سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، "ئەو بڕیارە بڕیارێکی تەواو نالۆژیکی، ناعەقڵانی و هەڵەیە."
جگە لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەندامبوونی ئۆکراینا، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا رازیبوون بەوەی لەگەڵ جۆرجیا و مۆڵدۆڤاش گفتوگۆ بکەن بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتییەکە.
دیمتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە دەسپێکردنی گفتوگۆکان بۆ ئەندامبوونی جۆرجیا و مۆڵدۆڤا لە یەکێتتییەکە گوتی، "بڕیارەکە تەواو سیاسییە؛ ئەمە خواستی یەکێتیی ئەوروپایە بۆ پشتیوانیکردنی ئەم وڵاتانە بەو شێوەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو ئەندامە نوێیانە دەتوانن ببنە هۆی ناسەقامگیری یەکێتییەکە."
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی نییە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ