رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای تایبەت بە خەرجیی بەرگریی ساڵانەی بۆ ساڵی 2024 تێپەڕاند و 886 ملیار دۆلار بۆ خەرجیی بەرگریی ئەمریکا تەرخانکرا، چاوەڕێ دەکرێت کە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆ بکرێت و ببێتە یاسا.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنگرێس دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی ئەمریکا دا و بەکۆی 310 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 118 دەنگی نەخێر پەسند کرا.
بەراورد بە ساڵی رابردوو بودجەی تەرخانکراوی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی داهاتوو 28 ملیار دۆلار زیادی کردووە.
پرۆژەیاساکە رێگە بە زیادکردنی مووچەی سەربازانی سوپای ئەمریکا دەکات بە رێژەی 5.2٪ و بەشێک لە بڕگەکانی دیکەش پەیوەندی بە یارمەتیدانی دارایی سەربازانی سوپا، خزمەتگوزاریی نیشتەجێبوون و چاودێری منداڵانەوە هەیە.
چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەربارەی پڕۆژەیاساکە گوتی، "پرۆژەیاساکە دڵنیایی دەدات کە ئەمریکا دەتوانێت دژی گوشارەکانی رووسیا و بەتووندی دژی پارتی کۆمیونیستی چین بوەستێتەوە و دڵنیاییش دەدات لەوەی کە سەربازانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان بە پێشکەوتوو دەمێننەوە."
ئەو بڕگانەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا جێگەی نەکراوەتەوە و بە پرسە کۆمەڵایەتییە دابەشکەرەکان ناودەبرێت بریتین لە مافی لەباربردنی منداڵ و پێدانی چارەسەر بەو سەربازانەی کە رەگەزی خۆیان گۆڕیوە.
لە پڕۆژەیاساکەدا باس لە درێژکردنەوەی یارمەتیدانی ئۆکراینا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کراوە و رێگە بە حکومەتی ئەمریکا دەدات کە تاوەکو ئەیلوولی ساڵی داهاتوو 300 ملیۆن دۆلار یارمەتی ئۆکراینا بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ