رووداو دیجیتاڵ
نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە نیویۆرکی ئەمریکا بە نوێنەرایەتیی سەتان کوردی ئێزدی سکاڵای دژی کۆمپانیای (Lafarge)ـی فەرەنسی تۆمارکرد و بەوە تۆمەتباری کرد، کە "یارمەتیی داعشی داوە".
سکاڵاکە لەلایەن ئەمەل کلۆنی، پارێزەری کوردی ئێزدی و لی ولۆسکی، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکی لە دادگەیەکی رۆژئاوای نیویۆرک تۆمارکرا و کۆمپانیاکە بە "پیلانگێڕی بۆ پاڵپشتیکردنی مادیی رێکخراوی داعش بۆ هەڵمەتی تووندوتیژی " تۆمەتبارکرا.
لە سکاڵاکەدا هاتووە: "کۆمپانیاکە یارمەتی کردەوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی داعشی داوە و لەگەڵ رێکخراوەکە پیلانی گێڕاوە".
ئێزدییەکان لە سکاڵاکەیان داوا دەکەن کە کۆمپانیاکە "دەبێت قەرەبووی هەموو رزگاربووانی دەستی داعش بکاتەوە".
دەستەی پارێزەرانی ئێزدییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، "جێگەی سەرسوڕمانە کە کۆمپانیایەکی پێشەنگی جیهانی لەنزیکەوە لەگەڵ داعش کاری کردووە، لەکاتێکدا داعش خەڵکی سڤیلی ئەمریکیی کوشتووە و کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان کردووە".
کۆمپانیاکە پێشتر دانی بەوە ناوە کە هاوکاری داعشی کردووە و ملیۆنان دۆلاری بۆ رێکخراوەکە دابین کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمپانیای Jenner & Block کە کۆمپانیایەکی یاساییە، کۆمپانیای Lafargeـی فەرەنسی چیمەنتۆی بۆ رێکخراوی داعش دابینکردووە بۆ دروستکردنی تونێل و حەشارگەی ژێر زەوی کە شوێنی حەوانەوەی ئەندامانی رێکخراوەکە بووە و بارمتەکانیان تێیدا شاردووەتەوە، لەنێویاندا بارمتە ئێزدییەکان.
ئەوە یەکەمجار نییە کە داوایەکی لەم شێوەیە دژی ئەو کۆمپانیایە تۆمار دەکرێت و لە تەممووزی ئەم ساڵیشدا خێزانی بەشێک لەو سەربازە ئەمریکییانەی کە لەلایەن رێکخراوی داعشەوە کوژران یاخود بریندارکران، سکاڵایان دژی کۆمپانیاکە تۆمار کرد.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووش کۆمپانیا فەرەنسییەکە لە دادگەیەکی ئەمریکا دانی نا بەوەی، پارەی بەو گرووپانە داوە کە لەلایەن ئەمریکاوە وەکو تیرۆریست ناسێندراون، لەنێویاندا یارمەتی رێکخراوی داعش داوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە چالاکییەکانی لە سووریا بەردەوام بێت و کۆمپانیاکە رەزامەندیدا لەسەر ئەوەی کە 778 ملیۆن دۆلار وەکو پێبژاردن بدات.
کۆمپانیای (Lafarge) فەرەنسی یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی چیمەنتۆ لە جیهاندا سەرەڕای جەنگی ناوخۆیی سووریا کە له ساڵی 2011 دا دەستیپێکرد، درێژهی بە کارەکانی دەدا و کارەکانی نەوەستاند.
ئەمریکا لە ساڵی 2016 رایگەیاند، داعش کۆمەڵکوژی دژی کریستییانەکان، ئێزدی و موسڵمانە شیعەکان کردووە.
هەروەها لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2016دا رایانگەیاند، داعش کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان لە عێراق و سووریا کردووە بۆ ئەوەی ئێزدییەکان لەنێوببات.
لە هێرشەکەی بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014دا، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیشیان پیاون.
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون؛ بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
لە هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون؛ تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 554 کەسیان ئازادکراون، کە لەنێویدا هەزار و 207 ژن، 339ی پیاو، هەزار و 51 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕ هەن.
دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا، 83 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکەکەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ