ئەڵمانیا؛ 200 خێزانی کوردی ئێزدی چاوەڕێی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی دەکەن

15-09-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هاشم بەڵگەنامەکانی پێشانی ئاڵا شاڵی دەدات. ماڵی ئێزدییانیش لە بەرلین خۆپێشاندان دەکەن.
هاشم بەڵگەنامەکانی پێشانی ئاڵا شاڵی دەدات. ماڵی ئێزدییانیش لە بەرلین خۆپێشاندان دەکەن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014، ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی ئاوارەبوون، بەشێکیشیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا پەنابەربوون کە زۆربەیان لە ئەڵمانیا گیرسانەوە. ئەنجوومەنی کوردانی ئێزدیش دەڵێت، هێشتا 200 خێزان لەو وڵاتە چاوەڕێی پێدانی مافی پەنابەری دەکەن. 
 
هاشم ئەلداخی گەنجێکی تەمەن 28 ساڵی کوردی ئێزدییە، خەڵکی خانەسووری سەر بە قەزای شنگالە؛ لە ساڵی 2017ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی و تا ئێستا مافی پەنابەری وەرنەگرتووە. 
 
هاشم ترسی گەڕانەوەی هەیە بۆ زێدی خۆی؛ ئەو دەڵێت، "ئێمە هەموومان دەترسێین. بۆ ماوەی حەوت بۆ هەشت ساڵە بەبێ ئیقامە لێرەین. تازە بە تازە بگەڕێینەوە عێراق و شنگال و هیچ شتێکمان لەوێ نەبێ، وەکو شتێکی ونبوو واین. زۆر قورسە، شتێکی ناڕوونە. هیچ شتێکمان لەوێ نییە. خەڵکی نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵەکانیان. خانووەکانیان کاولبوون، کەسی تێدا نەماوە."  
 
دۆخی شنگال تا ئێستا سەقامگیر نییە، خێزانەکەشی تا ئێستاش لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەن. 
 
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی کوردانی ئێزدی، 70 کوردی ئێزدی داوای ناردنەوەیان بەدەست گەیشتووە، 15ی دیکەش نێردراونەتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لەوێ پەنجە مۆریان کردووە، یەک کۆچبەری کوردی ئێزدی گەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان و  200 خێزانیش تا ئێستا مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا پێنەدراوە. 
 
ماڵی ئێزدیان لە بەرلین دەنگی ناڕەزاییان لە بەردەم پەرلەمانی ئەڵمانیا بەرزکردەوە و بڕیارە راپۆرتێکیش پێشکێشی پەرلەمانی وڵاتەکە بکەن. 
 
ئەنوەر جەلال كەريم، ئەندامی ماڵی ئێزدیان دەڵێت، "لە ساڵی 2017ـەوە [داوای پەنابەرێتیی] کوردانی ئێزدی رەتدەکرێتەوە. بۆیە، ماڵی ئێزدییان و یەکێتیی کۆمەڵگەی ئێزدییان لە ئەڵمانیا خۆپێشاندانیان لە بەرلین کرد. ئەو کەسانەی داواکەیان رەتکراوەتەوە، خەڵکی نوێن و داوایان لێکراوە بەڵگەنامەکانیان بێنن بۆ ئەوەی داواکەیان بە لایەنی حکومی بگەیێنن." 
 
پیتەر هایت، ئەندام پەرلەمانی پارتی لیبراڵ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا هاوکارێکی سەرەکیی کوردانی ئێزدییە و لە پلانیدایە سەردانی شنگال بکات؛ بە رووداوی گوت: "بە شێوەیەکی ئاسایی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە نابێت ئەو کەسانە دیپۆرت بکرێنەوە. ئەگەر بەڕاستی وابێت، ئەوا داوا دەکەم راپۆرتێکی ئەو کەسانە بدەن بە ئێمە لە پەرلەمان بە لیژنەی مافی مرۆڤ یان پەیوەندی بکەن لەگەڵ لیژنەی داواکارییەکان. ئێمە بێگومان بەدواچوون دەکەین. لەلایەکی دیکەوە، من خۆم لەگەڵ شاندێکی پەرلەمان لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەردا دەچینە باکووری عێراق بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین پاڵپشتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بکەین. دەزانن پشکی خۆمان لە ناساندنی جینۆساید دژی ئێزیدییەکان تێپەڕاندووە. ئێستا دەبێت  خاڵەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەین. هەر بۆیە ئێمە خۆمان سەردانی شنگال دەکەین و دەمانەوێت بزانین دەبێت چی بکەین و لە کوێ دەتوانین پشتگیری بکەین و دەتوانین یارمەتیدەر بین." 
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2022 نزیکەی 252 هەزار و 422 پەناخواز لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە کە 5.8٪ لەوانە خەڵکی عێراق بوون.
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاووڵاتییانی ئەڵمانیا گوڵ لە شوێنی رووداوەکە دادەنێن. وێنە: Ronny Hamann- AFP

پۆلیسی ئەڵمانیا: هێرشکارەکەی بازاڕی کریسمس لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانی سعودی ناڕازیبووە

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەو کەسەی شەوی رابردوو بە ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕێکی کریسمس لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە 5 کەسی کوشت و زیاتر لە 200ـی دیکەی بریندارکرد، لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ پەنابەرانی سعودیە ناڕازیبووە.