ژنێک دەرمانێکی دروستکرد بۆ نەخۆشییەکەی و لەڕێگەی فرۆشتنیەوە بووە ملیۆنێر

15-09-2020
نورا ئەمجەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جولیس میلەر تەمەنی 25 ساڵ بوو کاتێک تووشی گرژبوونی قۆڵۆن بوو، خوێنبەربوون و سک ئاوسان نەیدەهێشت بەشێوەیەکی ئاسایی ژیانی بەڕێکات؛ نەخۆشییەکەی بەتەواوی ماندوو و بێزاری کردبوو، بەڵام ئەوە لە ژیان بێئومێدی نەکرد، بەڵکو لەگەڵ باپیری هەوڵیدا دەرمانێک دروستبکات و لەڕێگەی فرۆشتنیەوە بووە خاوەنی ملیۆنان دۆلار.

باپیری جولیس پرۆفیسۆری بواری کیمیایە لە زانکۆی کامبریجی ئەمریکی، نەیدەتوانی کچەزاکەی بەو شێوەیە ببینێت، بۆیە پێکەوە دەستیانکرد بە توێژینەوە لەسەر دروستکردنی تەواوکەری خۆراکی کە سوودی هەبێت بۆ گەدە و قۆڵۆن.

جولیس میلەر لەبارەی نەخۆشییەکەیەوە دەڵێت، هەندێکجار تووشی گرژبوونی قۆڵۆن بووە تاوەکو ئەو ئاستەی کە تووشی خوێنبەربوون بووە؛ بۆیە ناچاربووە تەواوکەری خۆراکی بەکاربهێنێت، بەڵام ئەوە ئازارەکانی زیاتر دەکرد و دۆخی تەندروستیی هەتا دەهات خراپتر دەبوو.

ئەو رووداوە لە ساڵی 2015دا بوو کاتێک جولیس لە لەندەن لەژێر گوشارێکی زۆری دەروونی و جەستەیی ژیانی بەسەردەبر؛ دواتر سەرکەوتوو بوو لە دۆزینەوەی تەواوکەرێکی خۆراکی کە ئازارەکانی خۆی کەمتر دەکردەوە بەراورد بە تەواوکەرە خۆراکییەکانی دیکە.

دروستکردنی تەواوکەرێکی خۆراکیی باشتر بەراورد بەوانەی دیکە، بیرۆکەی ئەوەی لەلا دروستکرد کە کۆمپانیایەک دابمەزرێنێت بۆ دروستکردنی تەواوکەری خۆراکی، چونکە جولیس لە ئازارەکانی قۆڵۆن تێدەگەیشت و دەیویست یارمەتیی کەسانی دیکە بدات.
 
ساڵی 2017 کۆمپانیایەکیان دامەزراند بەناوی "نیۆ" کە ئێستا داهاتی ساڵانەی دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار. بەپێی گوتەی جولیس، ئەمساڵ شەش هێندەی ساڵانی رابردوو قازانجیان کردووە، چونکە ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵک زیاتر تەواوکەری خۆراکیان کڕیوە.

ئێستا جولیس تەمەنی 31 ساڵە، دەڵێت، ئەوکاتەی ئەوان دەستیان بە دروستکردنی دەرمان کردووە براندی دەرمانی دیکە هەبووە، بەڵام کاریگەریی لاوەکییان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروستدەکرد.
 
یەکەم بەرهەمی کۆمپانیاکەی بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژبوونەوەی قۆڵۆن بوو
 
چۆن پرۆژەکەی دەستپێکرد؟

جولیس لە لەندەن لەدایکبووە، بەڵام خێزانەکەی کاتێک تەمەنی چەند مانگێک بوو کۆچیان کرد بەرەو کۆڵۆمبیا؛ زمانی ئیسپانی یەکەم زمانیەتی.

جولیس لەگەڵ دایک و باوکی گەڕایەوە لەندەن کاتێک تەمەنی حەوت ساڵ بوو، دوای تەواوکردنی قۆناخی ئامادەیی، لە زانکۆی بێرمینگهام فەلسەفەی خوێند، پێش ئەوەی لە لەندەن کاری ریکلام بکات.

پێش دامەزراندنی کۆمپانیاکەی "نیۆ"، سەرۆکی پەرەپێدانی پیشەسازی بوو لە کۆمپانیای خۆراکە رووەکییەکان لە "دیتۆکس کیچن".
 
بە گوتەی خۆی، کاتێک یەکەم کۆمپانیام دەستپێکرد نەترساوە، دەڵێت "پێموایە ئەگەر ئێستا پرۆژەیەکی دیکەم دەستپێبکەم، ئەو متمانەیەم نابێت کە لەوکاتەدا چێژم لێ وەردەگرت، زۆر خۆبەگەورەزان بووم".

 

ڤیتامین "ئی" لەوانەیە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستیی ئێسک هەبێت

 

زۆربەی فرۆشی ئەو کۆمپانیایە بە ئۆنلاینە و ئێستا کۆمپانیاکە دووکانێكی لە نیویۆرک هەیە
 
یەکەم بەرهەمی کۆمپانیاکەی ناوی دیلۆت " Delot " بوو، کە تەواوکەرێکی خۆراکییە، نیشانەکانی گرژبوونی قۆڵۆن کەمدەکەنەوە و دەرکەوت بەسوودە لەکاتی وەرگیرانیدا؛ دواتر دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی ماددەی دیکە، وەکو ڤیتامین و چارەسەری پێست.

سەرەتا بنکەی کۆمپانیاکە لە کامبریج بوو، بەڵام لە ماوەی ساڵی یەکەمی کارکردنیدا گواستیەوە بۆ نیویۆرک
جولیس دەڵێت، کاری کردووە بۆئەوەی باشتر سوود لەوە وەرگرێت کە ئەمریکا گەورەترین بازاڕی تەواوکەرە خۆراکییەکانی هەیە.

نزیکەی 80%ی ئەمریکییەکان ڤیتامین یان چەند جۆرێکی تەواوکەری خۆراکی دەخۆن، بەڵام بەریتانییەکان کەمتر وەردەگرن.

بەپێی راپۆرتێکی پزیشکیی ساڵی رابردوو، پێشبینی دەکرێت فرۆشتنی ساڵانەی کەرتی تەواوکەرە خۆراکییەکان بۆ 210 ملیار دۆلار بەرزبێتەوە تاوەکو ساڵی 2026، کە لە ساڵی 2018دا 125 ملیار دۆلار بووە.
 
ئایا ئەم دەرمانانە سەلامەت و کاریگەرن؟

  

ئایا زۆربەی خەڵک پێویستیان بە وەرگرتنی ڤیتامین و تەواوکەری خۆراک هەیە؟

کۆمپانیاکە لە ساڵی 2017دا لە رێگەی ماڵپەڕەکەیەوە دەستی بە فرۆشتنی کرد، بەڵام ئێستا بەرهەمەکانی لەلایەن دووکاندارانەوە دەفرۆشرێت و یەک دووکانی تایبەت بە خۆی هەیە لە نیویۆرک.

ئێستا کۆمپانیاکە بڕی 11.5 ملیۆن دۆلاری پارەدارکردنی بۆ دابینکراوە، لەوانە لە کۆمپانیای زەبەلاحی یونلیڤەر، بەڵام جولیس و چارلیی هاوژینی، وەکو گەورەترین خاوەن پشک دەمێننەوە. هاوژینەکەی جولیس بەردەوام دەبێت وەکو بەڕێوەبەری سەرەکی، جولیس-یش وەکو سەرۆکی جێبەجێکاری.

کارۆلین پیتۆن، شارەزای خۆراکیی بەریتانی دەڵێت "باشترە کۆمپانیاکە بە وردی باس لە پێکهاتەی بەرهەمەکانی بکات. کەم کەس دەزانن تەواوکەری خۆراکی لە چی پێکهاتووە، جگە لەوانەی بەدوایدا دەگەڕێن".
 
 

هەڵمەتی "بەڕاستی چۆنی؟" لەلایەن "نیۆ"ەوە دەستیپێکردووە

گرنگیی تەواوکەرە خۆراکییەکان چییە؟
 
لە بەریتانیا، شارەزایانی پزیشکی ئامۆژگاری دەدەن بە وەرگرتنی تابلێتی ڤیتامین D، ئەگەر تیشکی خۆر لێتنەدات؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەش ڤیتامین D بەرهەم دەهێنێت کاتێک پێستمان بەر تیشکی خۆر دەکەوێت.
 
بەڵام بۆ ڤیتامین و ئاسن و پێکهاتەی دیکە، ئایا پەیوەندیی بە خواردنی باش نییە؟
 
گوتەبێژەکەی دەزگای خۆراکی بەریتانی دەڵێت "بەشێوەیەکی گشتی هەر جۆرە خواردنێکی هاوسەنگ و هەمەجۆر، پێویستە بڕی پێویست لە ڤیتامین و کانزا و ئەو خۆراکانەی دیکە کە پێویستمانە، دابین بکات؛ هەروەها خۆراکە گرنگەکان کە پێکهاتە سرووشتییە چالاکە بایۆلۆجییەکانیان تێدایە، وەکو پۆلیفینۆل، بەبێ پێویستیی تەواوکاری خۆراکی، نابێت تەواوکاری خۆراکی وەکو جێگرەوەیەک بۆ خۆراکی تەندروست بەکاربهێندرێت".

هەندێک حاڵەت هەن تێیاندا پێشنیازی وەرگرتنی تەواوکاری خۆراکی دەکرێت، وەکو وەرگرتنی ترشی فۆلیک لەکاتی دووگیانیدا. جولیس دەڵێت، هەموو شتێک پەیوەندیی بە زانینی تەواوکاری خۆراکیی پێویستە.

کۆمپانیاکەی جولیس ساڵی رابردوو کەمپەینێکی دەستپێکرد و هانی خەڵکی دەدا گرنگی بە تەندروستیی دەروونی بدەن، بەناوی "بەڕاستی چۆنیت؟"؛ هەڵمەتەکە تیشکی خستبووە سەر ئەوەی کەرتێکی تەندروستیی بەرفراوان لەو ناوچەیە، بە تەنها سەرنجدانی باشیی جەستەیی خەڵک، شکستیخواردووە. جولیس دەڵێت "دەمەوێت خەڵک گوێ لە جەستەی خۆیان بگرن، چونکە گەشتی هەموو کەس وەکو من وایە".

ئەوەش رووندەکاتەوە کە بەرهەمی نوێ لە پەرەسەندندایە، دەیانەوێت بەردەوامبن لە گفتوگۆ گرنگەکان لەسەر جوانی، تەندروستی و بێگومان کێشەی تەندروستیی دەروونی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە