رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژە بەوە دەکات، عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ پاشەکشەی کردووە. لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، عێراق یەک پلە چووەتە دواوە، چونکە "ستانداردە هەرە بنەڕەتییەکانی" بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکەی تێدا نییە و هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی تاوانەکە زیادنەکردووە. لە بارەی هەرێمی کوردستانیشەوە، راپۆرتی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی لە بارەی دۆزینەوەی قوربانییانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەدواداچوونی یاسایی تاوانکارانی نەخستووەتەڕوو.
لە وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، رۆژی پێنجشەممە، سیندی دایێر، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ چاودێریکردنی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: وێڕای نیگەرانییەکان، "حکومەتی فیدڕاڵی [عێراق] ژمارەیەکی کەمتری قوربانییانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی تۆمارکردووە."
سیندی دایێر ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن نیگەرانە لەوەی حکومەتی عێراق "داتای دەزگا ئەمنییەکان و دۆزینەوەی هەموو قوربانییەکانیان بڵاونەکردووەتەوە" و "ئێمە هەروەها بەهۆی ئەوە نیگەرانین کە حکومەتی فیدراڵی وەکو پێویست خزمەتگوزاریی پاراستنی نەبووە بۆ ئەو قوربانییانەی کە دۆزراونەتەوە."
لە راپۆرتی ساڵی 2023ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "حکومەتی عێراق ئەو پێوەرە بنەڕەتییانەی بە تەواوی تێدا نییە کە بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ پێویستن، بەڵام لەو پێناوەدا هەوڵی گەورە دەدات."
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، وەک بەشێک لەو هەوڵانە، حکومەتی عێراق تاوانباری زیاتری دادگاییکردووە و "چاودێریکردنیشی بەسەر دامەزراندنی خەڵک لە ئاژانسەکانی نێو هەرێمی کوردستانی عێراق باشترکردووە،" هەروەها "پلانێکی جێبەجێکردووە بۆ نەهێشتنی دامەزراندن یان بەکارهێنانی منداڵان لە ململانێی چەکداریدا، بۆ ئەوەی بە دیاریکراوی رێگە لە دامەزراندن یان بەکارهێنانی منداڵان لە لایەن حەشدی شەعبییەوە بگرێت."
وێڕای ئەوەی ئەو هەوڵانە کە بە "گەورە" ناوی بردوون، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەوڵەکانی حکومەتی فیدڕالی زیادیان نەکردووە.
سیندی دایێر لەو بارەیەوە بە دیار کوردەی گوت: "عێراق لە راپۆرتی ئەمساڵدا، بۆ لیستی چاودێریی پلە دوو دابەزێنراوە، چونکە ستانداردە هەرە بنەڕەتییەکانی تێدا نییە و ئاماژەی ئەوەی لێ بەدینەکراوە کە هەوڵەکانی زیادکردبن بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها ژمارەیەکی کەمتری قوربانیانی تاوانەکەی ئاشکراکردووە".
لە بارەی هەرێمی کوردستانیشەوە، راپۆرتەکە دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی چەسپاندنی یاسا یان دۆزینەوەی قوربانییەکانی نەخستوونەتەڕوو."
لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیش، "هەبوونی کەموکورتی لە رێوشوێنەکانی دۆزینەوەی [قوربانییان] و گواستنەوەیان [بۆ لایەنی پەیوەندیدار]، لەپاڵ کەمیی تێگەیشتنی هەندێ لە دامودەزگاکان لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هێشتا رێگری لە هەندێ لە قوربانیان دەکەن لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پاراستنی گونجاو،" ئەمە وەک وەزارەتەکە باسی کردووە.
لە هەندێ دۆخدا، "دامودەزگاکان بە شێوەیەکی دەستپێشخەرانە قوربانییانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە نێو کۆمەڵگە مەترسی لەسەرەکان نەدۆزیونەتەوە، کە ئەوەش بووەتە هۆی بەردەوامبوونی سزادانی ناڕەوای بەشێک لە قوربانییانی ئەو کارە نایاساییانەی کە لە ئەنجامی بازرگانیکردن پێیانەوە ئەنجامدراون، وەک پێشێلکارییەکان لە کاتی کۆچکردن و لەشفرۆشی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ