ئیدارەی ترەمپ پلانی هەیە ڤیزەی ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی 41 وڵات قەدەخە و سنووردار بکات

15-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیدارەی ترەمپ پلانی قەدەخەکردن و سنووردارکردنی گەشتی بۆ هاووڵاتییانی 41 وڵات هەیە. وڵاتەکان بەسەر سێ کۆمەڵەدا دابەشکراون و عێراقیان تێدا نییە.
 
رۆژی شەممە، 15-03-2025، بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند: "حکومەتی ئەمریکا بیر لە قەدەخەکردن و سنووردارکردنی چوونی هاووڵاتییانی 41 وڵات بۆ ئەمریکا دەکاتەوە."
 
ئەو بەرپرسە بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی گوتووە، لیستی 41 وڵاتەکە کاتییە و دەکرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "لیستەکە هێشتا لەلایەن مارکۆ روبیۆ [وەزیری دەرەوەی ئەمریکا] پەسند نەکراوە."
 
41 وڵاتەکە بەسەر سێ کۆمەڵەدا دابەشکراون: راگرتنی تەواوەتیی ڤیزە، راگرتنی نیمچەیی ڤیزە (کە زیاتر گەشتیاران و خوێندکاران دەگرێتەوە)، راگرتنی ڤیزە بۆ ئەوەی وڵاتەکان چەند کەموکوڕی و کێشەیەکیان هەیە، چارەسەری بکەن.
 
ئەو وڵاتانەی پلان هەیە قەدەخەی هەموو جۆرە ڤیزەیەکیان بەسەردا بسەپێندرێت بریتین لە ئەفغانستان، کوبا، ئێران، لیبیا، کۆریای باکوور، سۆماڵ، سوودان، سووریا، ڤەنزوێلا و یەمەن. 
 
وڵاتانی کۆمەڵەی دووەم لە پێنج وڵات پێکدێن: ئەریتیریا، هایتی، لاوس، میانمار و سوودانی باشوور.
 
هەرچی 26 وڵاتەکەی دیکەیە بریتین لە ئەنگۆلا، ئەنتیگوا و باربوودا، بێلارووس، بەنین، بوتان، بورکینا فاسۆ، کابۆ ڤێردی، کەمبۆدیا، کامیرۆن، چاد، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، دۆمینیکا، گینیای کەمەرەیی، گامبیا، لیبیریا، مالاوی، مۆریتانیا، پاکستان، کۆماری کۆنگۆ، سەینت کیتس و نێڤیس، سەینت لوشیا، ساوتۆم و پرینسیپ، تەیمووری رۆژهەڵات، تورکمەنستان و ڤاناتو.
 
پێویستە ئەو 26 وڵاتە لە 60 رۆژدا ئەو کێشانەی ئەمریکا بۆیانی دیاریکردوون، چارەسەریان بکەن.
 
ترەمپ لە ساڵی 2018 قەدەخەی گەشتکردنی بەسەر حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵماندا سەپاند. دواتر، جۆ بایدن بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و گوتی: "ئەوەی روویدا لەکەیەکی ویژدانی سیاسیی ئەمریکایە." 
 
حەوت وڵاتەکە بریتی بوون لە ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سوودان، سووریا و یەمەن و دواتر ناوی هەریەک لە کۆریای باکوور و ڤەنزوێلاش زیاد کران.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە