رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رەخنە لە سەرۆکی رووسیا دەگرێت و بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە بەرقەرارکردنی ئاشتیدا جیدی نییە.
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ناتوانین رێگە بە سەرۆک پووتین بدەین کە یاری بە رێککەوتنەکەی سەرۆک ترەمپ بکات."
گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای ئەوە هاتن کە ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند: "پرسیاری جیدی" هەن لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاگربەست کردوویەتی.
ستامەر رەخنەی لە سەرۆکی رووسیا گرت و بەوە تۆمەتبای کرد کە هەوڵی دواخستنی ئاگربەست دەدات و گوتی: "پشتگوێخستنی تەواوەتی ئاگربەستەکە لەلایەن کرێملنەوە ئەوە نیشان دەدات کە پووتین بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی جیدی نییە."
ئەورووپا بە بایەخەوە لە ئاسایشی ئۆکراینا دەڕوانێت و بۆیە هەوڵ دەدات لە رێگەی هاندانی وڵاتانەوە خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن تاوەکو بتوانن بەرەیەکی یەکگرتوو و بەهێز دروست بکەن و گەرەنتیی ئاسایشی ئۆکراینا و ئاگربەست و رێککەوتنی چاوەڕێکراوی ئاشتی بکەن.
بەریتانیا و فەرەنسا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بڵاوکردنەوەی سەربازانیان لە ئۆکراینا، بەڵام تاوەکو ئێستا هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا لەسەر ئەو پرسە ناڕوونە.
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا هێشتا بەردەوامە و ترەمپ دوای نزیکەی دوو مانگ لە گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی، نەیتوانیوە دوو لایەنەکە بە ئاگربەست رازی بکات، لە کاتێکدا لە بانگەشەی هەڵبژاردندا چەند جارێک گوتی:"لە 24 کاژێردا رایدەگرم."
هەفتەی رابردوو ئەمریکا پلانێکی ئاگربەستی 30 رۆژەی بۆ ئۆکراینا و رووسیا پێشنیاز کرد.
ترەمپ لە کۆشکی سپی گوتی، هیوادارە کرێملین بە پێشنیازەکە بۆ ئاگربەستی 30 رۆژە رازی بێت.
ئۆکراینا و رووسیا هەردووکیان بە پێشنیازەکە رازی بوون. ڤۆلۆدۆمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "ئاگربەست، کاتی پێویست بەردەست دەخات بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی ئاسایشی ماوە درێژ، ئاشتییەکی متمانەپێکراو و پلانی راگرتنی جەنگ بداتەوە."
ڤلادیمیر پووتینیش گوتی: "پێویستە ئەم ئاگربەستە ببێتە هۆی ئاشتیی بەردەوام و لابردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە. بیرۆکەکە تەواوە و بێگومان پشتگیری دەکەین، بەڵام چەند پرسێک هەن کە دەبێت باسیان بکەین. پێم وایە دەبێت لەگەڵ هاوکارە ئەمریکییەکانیشمان قسە بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ