ئەمریکا باڵیۆزی ئەفریقای باشوور دەردەکات؛ "رقی لە ترەمپ و ئەمریکایە"

15-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، باڵیۆزی ئەفریقای باشوور لە وڵاتەکەیان دەردەکەن و بەوە تۆمەتباری دەکەن کە رقی لە ئەمریکایە.
 
14ـی ئاداری 2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، چیدیکە ئیبراهیم رەسووڵ، باڵیۆزی ئەفریقای باشوور لە واشنتن پێشوازی لێ ناکرێت.
 
روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئیبراهیم رەسووڵ سیاستەڤانێکە کە هەستی رەگەزپەرستی دەوروژێنێت و رقی لە ئەمریکا و لە سەرۆکی ئەمریکایە. هیچ شتێکمان نییە لەگەڵی تاوتوێی بکەین و ئەو بە کەسێکی نەویستراو دادەندرێت."
 
قسەکانی روبیۆ دوای ئەوە هاتن، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، باڵیۆزی ئەفریقای باشوور گوتوویەتی، ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەو باوەڕە کاریکردووە کە سپی پێستەکان باڵادەستن و لەپێشترن لە رەگەزەکانی دیکە. 
 
ئیبراهیم رەسووڵ کێیە؟
 
ئیبراهیم رەسووڵ دیپلۆماتێکی ئەفریقای باشوورە. پێش ئەوەی لە ئیدارەی ترەمپ ببێتەوە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە واشنتن، لە ساڵانی 2010 تاوەکو 2015 باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە واشنتن. 
 
دیپلۆماتە ئەفریقاییەکە بەوە ناسراوە دژی ئیسرائیلە و بەردەوام رەخنەی ئەوەی لە ئیسرائیل گرتووە کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ فەلەستینییەکان دەکات.
 
ئیبراهیم رەسووڵ یەکێک بوو لەو کەسانەی رۆڵێکی باڵای لە جووڵاندنی سکاڵاکەی ئەفریقای باشووری دژی ئیسرائیل لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی هەبوو. 
 
رۆژی 29-12-2023، ئەفریقای باشوور لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا، بە تۆمەتی جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە، سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد.
 
ئەفریقای باشوور لە سکاڵاکەیدا ئیسرائیلی بە جینۆسایدکردنی خەڵکی فەلەستین تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوە دا: "کردەوەکانی ئیسرائیل ئامانجدار بوون و مەبەست لێیان لەنێوبردنی گرووپێکی نەتەوەیی و رەگەزی فەلەستینییەکان بووە."
 
کێشەی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ئەفریقای باشوور چییە؟
 
دەرکردنی باڵیۆزی ئەفریقای باشوور دوایین پێشهاتە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەفریقای باشوور. 
 
لە شوباتی ئەم ساڵدا ترەمپ هاوکارییە مرۆییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەفریقای باشوور راگرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە جووتیارە سپی پێستەکانی وڵاتەکەی بەئامانج دەگرێت.
 
ئیلۆن مەسک، سەرمایەگوزاری ئەمریکی و وەزیری وەزارەتی کارامەیی لە ئیدارەی ترەمپ کە لە ئەفریقای باشوور لەدایکبووە، پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی ترەمپ دەکات و پێی وایە حکومەتی ئەفریقای باشوور مافی سپی پێستەکان پێشێل دەکات؛ تۆمەتێک کە ئەفریقای باشوور رەتی دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حکومەتی ئەڵمانیا لە یەکەم  رۆژی دەستبەکاربوونیدا بڕیارەکەی دەرکرد.

ئەڵمانیا سێ هەزار پۆلیسی زیاتر دەنێرێتە سنوورەکان بۆ رێگری لە پەڕینەوەی کۆچبەران

حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرتس فەرمانی بە پۆلیس کرد رێگە لە کۆچبەرانی نایاسایی بگرێت و داواکاریی زۆربەی پەناخوازانیش رەتبکاتەوە.