رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا دەڵێت، وڵاتەکەی هەرگیز نابێتە بەشێک لە ئەمریکا؛ بەڵێنیش دەدات دژی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بوەستێتەوە.
رۆژی هەینی 14ـی ئاداری 2025 مارک کارنی سوێندی یاسایی خوارد و پۆستی سەرۆکوەزیرانی کەنەدای وەرگرت.
کارنی دوای دەستبەکاربوونی گوتی: "کەنەدا هەرگیز و بە هیچ جۆرێک نابێتە بەشێک لە ئەمریکا."
سەرۆکوەزیرانە نوێیەکەی کەنەدا مامەڵەکردنی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم حکومەتەکەی ناوبرد.
کارنی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکای بۆ سەر وڵاتەکەی بە "ناڕەوا" ناوبرد و بەڵێنیدا لەگەڵ هاوپەیمانانی وڵاتەکەی دژی ئەو بڕیارەی ئەمریکا بووەستنەوە.
چی لەنێوان ئەمریکا و کەنەدا روویدا؟
دوای دەستبەکاربوونی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەنەدای بە ئامانج گرت، هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی کرد و گوتی، کەنەدا ناتوانێت پشت بە ئابووریی خۆی ببەستێت و پێویستە "بە ئەمریکاوە بلکێندرێت."
ترەمپ چەند جارێک بە جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی کەنەدای گوت، "حاکمی کەنەدا" وەک ئاماژەیەک کە کەنەدا ویلایەتێکی ئەمریکایە.
رۆژی 08-01-2025 واتە 12 رۆژ پێش ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نەخشەیەکی نوێی ئەمریکای بڵاوکردەوە. لەو نەخشەیەدا، ترەمپ، کەنەدای دراوسێی وڵاتەکەی بە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا دانابوو و لەسەر نەخشەکەش نووسیبووی "ئای کەنەدا".
رۆژی 01ـی شوباتی 2025، ترەمپ لە فەرمانێکدا 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا و مەکسیک و 10٪ی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی چیندا سەپاند.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کەنەدا و مەکسیک بەهۆی ئەوەیە، ئەو وڵاتانە هەڕەشەیەکی گەورەیان بۆ ئەمریکا دروستکردووە لەبواری پرسەکانی کۆچبەری نایاسایی و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر.
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، کەنەدا بڕیاریدا 25٪ پێناسی گومرگی بخاتە سەر ئەو کارەبایەی پارێزگای ئۆنتاریۆی وڵاتەکەی بۆ 1.5 ملیۆن ئەمریکی دابینی دەکات.
ترەمپیش لە بەرامبەردا بەڵێنیداوە کە پێناسە گومرگییەکانی سەر کەنەدا زیاتر بکات و لە نوێترین هەنگاویشیدا داوای لە وەزارەتی بازرگانی وڵاتەکەی کردووە، پێناسە گومرگییەکانی سەر کەنەدا بگەیێنێتە 50٪.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ