رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا دەڵێت، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گرنگییەکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''ئەڵمانیا 7٪ـی پەناخواز و پەنابەرانی جیهانی لەخۆگرتووە و تەنیا لە بەرلین 100 هەزار کورد دەژین''.
ئەمڕۆ شەممە 15-02-2025، د. دلێر عەلی ئەمین، سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا رایگەیاند: ''بەگوێرەی راپرسییەکان، دەنگی پارتە راستڕۆکان زۆر زیاد دەبێت.''
تەنیا 8 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا. پەناخوازان ترسیان لە سەرکەوتنی پارتە دژە کۆچبەرەکان، بەتایبەتی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا هەیە. دلێر عەلی گوتی: ''بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە کوردەوە نییە، چونکە پارتە راستڕۆکان راستەوخۆ کێشەیان لەگەڵ کورد نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی پەناخوازانە لە وڵاتەکەیان.''
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کوردی، ئەڵمانیا 7٪ـی پەناخواز و پەنابەری جیهانی لەخۆگرتووە و گوتی: ''تەنیا ساڵی 2024 زیاتر لە 130 هەزار کەس چوونەتە ئەڵمانیا و لە ساڵی 2022ـیش بەگشتی دوو ملیۆن پەناخواز روویان لە ئەورووپا کردووە کە یەک ملیۆنیان هاتوونەتە ئەڵمانیا.''
دلێر عەلی ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئەڵمانیا گیرساونەتەوە و گوتی: ''تەنیا لە بەرلین زیاتر لە 100 هەزار کورد هەن''.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا رۆژی 23ـی شوباتی 2025 بەڕێوەبچێت؛ 60 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەدا هەیە و 736 ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا ناسراو بە "بوندستاگ" هەڵدەبژێرن.
بەگوێرەی راپرسییەکان، پارتی راستڕۆی تووندڕۆی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD) کە پارتێکی دژە کۆچبەرە، دوای پارتی کریستیان دیموکرات زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت. ئەو پارتە داوا دەکات سنوورەکان کۆنترۆڵ بکرێن و رێگری لە چوونی کۆچبەران بکرێت، هەروەها دیپۆرتکردنەوەش بە خێراترین شێوە جێبەجێ بکرێت.
دلێر عەلی گوتی، یەکەم هەنگاوی راستڕۆ تووندڕۆکان دژی کۆچبەران ئەوە دەبێت کە ''ژمارەیان لە ئەڵمانیا کەم بکرێتەوە، مەبەستم ئەوانەیە هیچ بڕیارێکیان لەسەر نەدراوە و مافی پەنابەرێتییان نییە. ئەوانەی مافی پەنابەریشیان هەیە، ئەگەر تەنیا دوو جار کاری نایاساییان لە وڵاتەکە کردبێت، بە هەمانشێوە دیپۆرت بکرێنەوە.''
رۆژی 13ـی 1ـی 2023، ئەڵمانیا و عێراق رێککەوتنێکیان لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو پەناخوازانە واژۆ کرد کە مافی مانەوەیان وەرنەگرتووە. سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کوردی باسی لەوە کرد، ''ئەوکات ئێمە لە بەرلین دژایەتیمان بەرامبەر ئەو رێککەوتننامەیە دەربڕی و لە بەرامبەر باڵیۆزخانەی عێراق خۆپێشاندانمان کرد.''
گوتیشی، کۆمەڵەی رەوەندی کوردی و چەندین رێکخراوی دیکەی تایبەت بە پەناخوازانی کورد لەگەڵ نوێنەری حکومەتی ئەڵمانیا کۆبوونەتەوە و ''دەمانەوێت لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا سەردانی کوردستانیش بکەین. پێمان گوتوون ئێوە ئێزدییەکان دەنێرنەوە بەغدا، لەکاتێکدا بابەتی عێراق و کوردستان لە یەکدی جیان.''
لە ئەگەری سەرکەوتنی پارتی AFD لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیادا، چاوەڕوان دەکرێت ئەو رێککەوتننامەیەی نێوان ئەڵمانیا و عێراق بۆ ناردنەوەی پەناخوازان خێراتر جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا دەڵێت: ''ئەگەری دەرچوونی راستڕۆکان لە چەپەکان زیاترە. پێشبینی دەکرێت راستڕۆکان نزیکەی 19٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن، سۆشیال دیموکراتەکان کە ئێستا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە 16٪ـی دەنگەکان بهێننەوە، چەپەکانیش 7٪ بۆ 13٪، هەروەها پارتی کریستیان دیموکراتەکان بە بەدەستهێنانی 30٪ بۆ 34٪ـی دەنگەکان، پارتی یەکەم بن.''
''هەرێمی کوردستان لە میونشن گرنگییەکی زۆری هەیە''
ئەمڕۆ شەممە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشدارە.
دلێر عەلی گوتی:''لە کۆنفرانسەکەدا گرنگییەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدرێت کە ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە سەقامگیریی ناوچەکە و ژمارەی پەناخوازانی کورد هەیە.''
دلێر عەلی ئاماژەی بەوەشکرد: ''زۆربەی ئەو پەناخوازانەی لە سووریا، رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە روویان لە ئەڵمانیا کردووە، لە رێگەی باشووری کوردستانەوە هاتوون.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ