رووداو دیجیتاڵ
ستراسبۆرگ لە فەرەنسا کە بە پایتەختی کریسمس ناسراوە، ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێ دەکات و هەزاران گەشتیار روویان لێی کردووە، حکومەتیش شارەکەی رازاندووەتەوە.
پۆلیس رێوشوێنی ئەمنیی گرتووەتەبەر و ئاسانکاریی هاتووچۆ بۆ گەشتیاران کراوە، بەڵام بەهۆی رێوشوێنە ئەمنییەکانەوە هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ پشکنین، جانتای گەورە لە ناوەندی شارەکەدا لەگەڵ خۆی بگێڕێت.
زۆر شوێنی ستراسبۆرگ دوای رازاندنەوەیان بۆ ساڵی نوێ، سەرنجڕاکێشتر دەردەکەون، بەتایبەت دارە بەرز و گەورەکەی گۆڕەپانی کلیبێر، سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت.
یەکێکی دیکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی پایتەختی کریسمس، کاتێدرالی ستراسبۆرگە، کە باڵەخانەکە لە سەدەی 14ـیەمینی زایینییەوە دروست کراوە. بەرزییەکەی 142 مەترە، لەڕووی تەلارسازییەوە بە شوێنێکی ناوازە دادەنرێت.
دووکانە دارینەکانی شارەکە وەکو بازاڕێکی نەریتی کۆن بەرهەمە جیاوازەکانیان تێدا دەفرۆشرێن و تاوەکو درەنگانی شەو کراوەن.
مێژووی بازاڕە کولتوورییەکەی ستراسبۆرگ کە بە یەکێک لە بازاڕە کۆنەکانی کریسمس لە ئەورووپا دەناسرێت، بۆ سەدەی 16 دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئاماری نووسینگەی گەشتوگوزارئ ستراسبۆرگ، ساڵانە 4 ملیۆن گەشتیار دێنە شارەکە و لە 170 هۆتێل پێشوازییان لێدەکرێت.
ستراسبۆرگ لە باکووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا و لەسەر سنووری ئەڵمانیا هەڵکەوتووە. ئەم هەڵکەوتە جوگرافییە و نزیکبوونی لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپایی، پێگەیەکی ناوازەی پێبەخشیوە.