نەتەنیاهوو: راوێژکردن بە واشنتن لەبارەی هێرشکردنە سەر ئێران، هەڵەیەکی گەورەیە

14-12-2021
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل رایگەیاند، "هەڵەیەکی گەورەیە" ئەگەر حکومەتی ئێستای ئیسرائیل بیەوێت پێش هێرشکردنەسەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، راوێژ بە ئیدارەی بایدن بکات.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکی پارتیی لیکود، گەورە پارتی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی ئیسرائیل رەخنەی تووندی لە حکومەتە هاوپەیمانە نوێیەکەی وڵاتەکەی بەسەرۆکایەتیی نێفتالی بێنێت گرت لەوەی کە "بەڵێنیان" بە ئیدارەی بایدن داوە پێش ئەنجامدانی هەر هێرشێك بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، راوێژی پێبکات.
 
نەتەنیاهوو گوتی، "ئیدارەی بایدن دژ بە هەر هێرشکردنێكە بۆسەر ئێران" و ئەوەش شتێکی نهێنی نییە.
 
لێدوانەکەی نەتەنیاهوو لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی نێو رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هات کە تێیدا ئاشکرایکردووە، " حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام ئیدارەی بایدن سەبارەت بە پلانەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئاگادار دەکاتەوە"، نەتەنیاهوو گوتی، ئەگەر بارودۆخەکە بەو جۆرە بێت ئەوا حکومەتی ئێستای ئیسرائیل هەڵەیەکی گەورەی کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، حکومەتی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەرلە هێرشکردنەسەر بنکەی ئەتۆمیی کەرەجی ئێران راوێژی لەگەڵ ئیدارەی بایدن کردووە و دواتریش لە مانگی ئەیلوولدا بۆ لێدانی بنکەیەکی نهێنی تایبەت بە مووشەکە مامناوەندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، راوێژی بە حکومەتی ئەمریکا کردووە.
 
نەتەنیاهوو گوتی، "من لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتەکەم خوێندەوە و زانیومە کە ئەم حکومەتەی ئێستای ئیسرائیل زانیاریی نوێ سەبارەت بە پلانەکانی بۆ لێدانی بنکەکانی ئێران دەداتە ئەمریکا".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە