جیهان
دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن و ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکردن: هەوراز حوسێن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، داوایان لە تورکیا کردووە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەدا دەیکات، هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
رۆژی دووشەممە، 14-8-2023، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە دەزانین کە هەڕەشەی ئەمنیی هەن و رەنگە پەکەکە بۆ سەر تورکیا لەنێو سنوورەکانی دروستیکردبێت و هانی حکومەتی تورکیا دەدەین رێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بە هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن".
ماوەیەکە تورکیا هێرشی ئاسمانی و درۆنییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان چڕکردوونەتەوە و تاوەکو ئێستا لانیکەم حەوت هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە.
دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەبارەی ئەو شەش ملیار دۆلارەی ئەمریکا رێگەی بە ئێراندا بەکاری بهێنێت پرسیاری لە پاتێل کرد کە ئایا ئەمریکا لەوە نیگەران نییە ئەو پارەیە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەکاربهێندرێت؟ پاتێل باسی لەوە کرد، هەرچەندە پارەکە دەتوانرێت لەلایەن ئێرانەوە بەکاربێت، بەڵام "ئەم پارەیە هێشتا چاودێریی لەسەر دەبێت و تەنیا دەتوانرێت بۆ هۆکارە مرۆییەکان بەکاربێت."
رۆژی 10ی ئەم مانگە، ئەمریکا لە بەرامبەر ئازادکردنی 5 هاووڵاتی ئەمریکی کە لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوون، سێ هاووڵاتی ئێرانی ئازادکرد و رێگەی بە بەکارهێنانی 6 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران دا بە تاران.
دەقی گفتووگۆی نێوان رووداو و ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: بەرپرسانی ئێران دەڵێن ئەو تۆمەتانە راست نین و لەبەر ئەوەی ئێمە دەسەڵاتی تەواومان بەسەر ئەو پارانەوە هەیە و هیچ کۆمپانیایەکی قەتەری پەیوەندی پێوە نییە. ئێمە دەتوانین هەرچیەک بکڕین کە دەمانەوێت. ئایە ئێوە چۆن دەتوانن دڵنیایی بدەن لەوەی ئێران ئەو پارەیە بۆ کڕینی هەندێک کەلوپەل بۆ سوودی خۆیان بەکارناهێنن و پارەکە بۆ سوپای پاسداران ناچێت و لەدژی ئێوە لە کەنداو بەکاری ناهێنن؟
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: "من هیچ کام لەو لێدوانە دیاریکراوانەم نەبینیوە. بەڵام چاودێرییەکی روون و توند هەیە لە ئارادا و دڵخۆشدەبم هاوپیشەکانم لە وەزارەتی گەنجینە ئەوەت بۆ باس بکەن کە سزاکانمان چۆن کاریگەرییان لەسەر ئەو رژێمانە دەبێت سزامان بەسەریاندا سەپاندووە؛ ئەمە ئەگەر حەزدەکەیت زانیاری لەسەر بزانیت. بەڵام بۆ ئەوەی دووبارە زۆر روونبم، ئەمە سیاسەتێکی لەمێژینەی ئەمریکایە کە دڵنیابینەوە سزاکانمان رێگری لە چوونی هاریکاریی مرۆیی ناکەن بۆ ئەو شوێنانەی پێویستیانە. هەروەها وەک پێشووش گوتم، لە کابینەی پێشووەوە ئەم پارەیە بۆ بەکارهێنانی لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئاڵووگۆڕە مرۆییەکانی وەک خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان بەردەستە. هەروەها ئەم پارەیە هێشتا چاودێری لەسەر دەبێت و تەنیا دەتوانرێت بۆ هۆکارە مرۆییەکان بەکاربێت."
رووداو: "یەک پرسیاری دیکەم هەیە، ئێوە وێنەی سەر هەژماری تویتەر تایبەت بە رۆب مایلی نوێنەری حکومەت بۆ کاروباری ئێرانتان گۆڕیوە، ئایا ئەمە ئەوە دەگەێنێت کە مایلی لە وەزارەتی دەرەوە نەماوە، ئایا هیچ تێڕوانینێک هەیە بەوەی مایلی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ نەگەڕێتەوە؟"
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: "هیچ شتێکی تایبەتم نییە لەسەر ئەوە، جگە لەوەی گوێت لە من و هاوکارەکانم بوو کە رۆب ماڵی مۆڵەتە و ئەبراهەم پەیڵی کارووباری وەزارەتەکە لەو ناوچەیە بەڕێوەدەبات".
رووداو: "لەم دواییەدا، هێرشە درۆنییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق زیادیکردووە، رەنگە ئاگاداربن لە سێ رۆژی رابردوودا، سێ هێرشکران لەسەر رێگەی سەرەکی نێوان دووشاردا، خەڵکی مەدەنی کوژران، کاردانەوەی ئێوە بۆ ئەمە چییە، ئێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن کە خەڵکی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج؟"
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: "داوامان لە حکومەتی تورکیا کردووە کە هاوئاهەنگی نزیکی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەشێک لەو هێرشانەی دەرەوەی سنوورەکانی هەبێت، دووپاتیشیدەکەینەوە کە دڵنیابن لە پاراستنی خەڵکی مەدەنی کە زیانیان پێنەگات، ئێمە دەزانین دەزانین کە هەڕەشەی ئەمنی هەن و رەنگە پەکەکە بۆسەر تورکیا لەنێو سنوورەکانی دروستیکردبێت و هانی حکومەتی تورکیا دەدەین رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەهاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن."
رووداو: ئێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن کە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج؟
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: "وەک وتم، داوامان لە تورکیا کردووە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لەودیو سنوورەکانی خۆیەوە دەیکات هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ