رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی پەتای کۆرۆنا و شەڕی ئۆکرایناوە لە ساڵی 2020ـەوە تاوەکو ئێستا 165 ملیۆن کەسی دیکە چوونەتە ریزی هەژارانی جیهان، داواش دەکات وەرگرتنەوەی قەرزی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو رابگیرێت.
بەپێی راپۆرتێک کە شەوی پێنجشەممە لەلایەن پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرەتووەکان بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی پەتای کۆرۆنا و جەنگی ئۆکرایناوە، لەو ماوەیەدا 75 ملیۆن کەس کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە داهاتی رۆژانەیان لە 2.15 دۆلار کەمترە.
پڕۆگرامەکە دەشڵێت، پێشبینی دەکەن 90 ملیۆن کەسی دیکەش هەژار بکەون و داهاتی رۆژانەیان بۆ خوار 3.65 دۆلار لە رۆژێکدا کەم ببێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "وڵاتە هەژارترینەکان زۆرترین زیانیان پێدەگات و پێشبینی دەکرێت داهاتەکانیان لە ساڵی 2023ەش بە نزمی بمێنێتەوە."
ئاکیم شتاینەر، سەرۆکی پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرەتووەکان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی لە سێ ساڵی رابردوودا توانیویانە وەبەرهێنان لە تۆڕی سەلامەتیدا بکەن، رێگرییان کردووە لەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک بکەونە هەژارییەوە".
شتاینەر دەشڵێت: "لەو وڵاتانەی زۆر قەرزدارن، پەیوەندییەکی هاوتەریب هەیە لە نێوان ئاستی بەرزیی قەرزەکان، کەمبوونی خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی مەترسیداری رێژەی هەژاری".
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات وەرگرتنەوەی قەرزەکان لەو وڵاتانە رابگیرێت کە لە رووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردان و دەڵێت، پێویستە لەبری دانەوەی قەرزەکان، پارەکان ئاراستەی پارەدارکردنی خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان و رووبەڕووبوونەوەی شۆکە ئابوورییە گەورەکان بکرێن.
بەپێی راپۆرتێکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، نزیکەی سێ ملیار و 300 کەس کە دەکاتە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان، لەو وڵاتانە دەژین کە پارەی زیاتریان بۆ دانەوەی سوودی قەرزەکان دەڕوات، وەک لە پەروەردە و تەندروستی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ