نەتەوە یەکگرتووەکان: پەناخوازان لە نەمسا رووبەڕووی ئەشکەنجەدان دەبنەوە

14-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا رەخنە لە شێوازی مامەڵەکردنی بەرپرسانی نەمسا لەگەڵ پەناخوازان دەگرێت و دەڵێت، لە نەمسا "پەنابەران لە دۆخێکی وەکو دەستبەسەرکردندا دەژین و دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ناگات."
 
دووشەممە 13ی ئایاری 2024 کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نوێترین راپۆرتیدا رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازان گرت و رایگەیاند، "دەبێت بە زووترین کات دەستبەسەرکردنی ئەوانەی لە نێوەندەکانی دیپۆرتکردنەوە تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون، بوەستێندرێت."
 
لە راپۆرتەکەیدا نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لەوە دەگرێت نەمسا گرنگی بە پاکوخاوێنیی نیوەندەکانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران نادات، لەنێو نێوەندەکانیشدا خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ کۆچبەران دابین نەکراوە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی یاسای نەمسا رێگە بەوە دەدرێت ئەو کۆچبەرانەی کێشەی دەروونییان هەیە، رێگەیان پێدەدرێت لە نێوەندەکانی راگرتنی کۆچبەران دەستبەسەر بکرێن.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە نەمسا بەردەوام رەخنەیان لە شێوازی مامەڵەکردنی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەگەڵ پەناخوازان کردووە.
 
رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، "بەشێک لەوانەی تەمەنییان لەژێر تەمەنی 18 ساڵی لە نەمسا داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، ون بوون."
 
ئەمنێستی دەشڵێت، ئەو مێردمنداڵانەی کە لە نەمسا داوای مافی مانەوە دەکەن، تێکڕای سێ مانگ لە نێوەندەکانی راگرتنی کۆچبەران بەسەردەبەن و بەشێکیشیان تەنانەت ساڵێک لەو نێوەندانەدا دەمێننەوە.
 
بە گوتەی ئەمێنستی، تەنیا پار، 4،964 مێردمنداڵ لە نەمسا داوای مافی مانەوەیان کردووە، بەڵام بەشێکی زۆریان بەهۆی بەردەوامنەبوونی یارمەتییە داراییەکانی ئەو وڵاتە، نەمسایان بەجێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپس کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە