مووشەکەکانی رووسیا ئۆکراینا ناچار بە هاوردەکردنی کارەبا دەکەن

14-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆکراینا تووشی کورتهێنانی بەرچاوی کارەبا بووە، پێدانی کارەبا بە یەکە پیشەسازییەکان سنووردار دەکات و هاوردەی کارەباش بۆ ئاستێکی پێوانەیی زیاد دەکات.
 
تۆڕی دابەشکردنی کارەبای ئۆکراینا لە تۆڕی تێلێگرام رایگەیاند "سیستمی کارەبا تووشی کورتهێنانی بەرچاوی کارەبا بووەتەوە."
 
لە یەکەمین شەپۆلی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئۆکراینا لە کۆتاییەکانی ئاداری ئەمساڵ، ئۆکراینا 18 هەزار و 649 مێگاوات کارەبای هاوردە کردبوو.
 
تۆڕەکە دەڵێت، ئێستا پێشبینی دەکەن هاوردەی کارەبا ئەو ئاستەی پێشتر بشکێنێت و بگاتە 19 هەزار و 484 مێگاوات.
 
وەزارەتی وزەی ئۆکراینا باس لەوە دەکات، هۆکاری سەرەکیی ئەمە، زیانی گەورەی سەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ئەمە واتە ناتوانن بە هەمان بڕی پێش هێرشەکان، کارەبا بەرهەمبهێنن.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، بەهۆی کورتهێنانی زۆر لە سیستمی کارەبای ئۆکراینا، بەنیازن کارەبا لە وڵاتانی رۆمانیا، سلۆڤاکیا، پۆڵەندا، هەنگاریا و مۆڵدۆڤا هاوردە بکەن.
 
باسی لەوەش کردووە "سنووردارکردنی بەکارهێنانی کارەبا، رێکارێکی زۆر پێویستە بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیستمی کارەبا. ئەمەش دوای پێنجەم هێرشی مووشەکی بۆ سەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا."
 
لە ئاداری ئەمساڵەوە هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ سەر سێکتەری وزەی ئۆکراینا چڕبوونەتەوە. کە زیانی گەورەی بە سیستمی کارەبای ئۆکراینا گەیاندووە و بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە بەشێکی ناوچەکان.
 
جێرمان گالوشێنکۆ، وەزیری وزەی ئۆکراینا دەڵێت، زیانی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر سێکتەری وزەی وڵاتەکەی زیاتر لە ملیارێک دۆلارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە