رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ سودان، سۆماڵ و سۆماڵیلاند لە پەیوەندیدان، دەیانەوێت ناوچەیەک بۆ نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکانی غەززە لەو وڵاتانە بدۆزنەوە.
رۆژی هەینی، ئاژانسی ئەسۆسیەیتد پرێس لە راپۆرتێکدا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و ئیسرائیلی رایگەیاند، لە مانگی رابردووەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی هەرسێ وڵاتەکە کۆبوونەتەوە و پێشنیازەکەیان خستووەتە بەردەمیان.
چەند بەرپرسێکی سوودانی بە ئاژانسە ئەمریکییەکەیان راگەیاندووە، ئەوان پێشنیازەکەیان رەتکردووەتەوە، هەروەها ژمارەیەک بەرپرسی سۆماڵیا و سۆماڵیلاند رایانگەیاندووە ئاگاداری بابەتەکە نین.
هەرێمی سۆماڵیلاند کە خۆی بە "دەوڵەتی سۆماڵیلاند" ناو دەبات، لە ساڵی 1991 لە سۆماڵ جیابووەتەوە، ئێستا حکومەت، سوپا و دراوی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام لەلایەن هیچ وڵاتێک و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانەنراوە و دەڵێن: "سۆماڵیلاند بەشێکی دانەبڕاوی سۆماڵە."
بیزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ئیسرائیل کار لەسەر دیاریکردنی ئەو وڵاتانە دەکات کە دەیەوێت فەلەستینییەکانی بۆ بگوازێتەوە.
رۆژی 4-2-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پلانی هەیە کەرتی غەززە چۆڵ بکات و بیکاتە ناوچەیەکی گەشتیاری.
هەرچەندە ترەمپ تاوەکو ئێستا وردەکاریی پلانەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێت، فەلەستینییەکان بۆ شەش ناوچە لە میسر و ئوردن دەگوازێتەوە.
لە دوای لێدوانەکەی ترەمپ، شەپۆلێکی رەخنە و ناڕەزایی لەلایەن فەلەستینییەکان، حکومەتە عەرەبییەکان و سەرکردە جیهانییەکان رووبەڕووی ئیدارەکەی ترەمپ بووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ