پووتین و شازادەی جێنشینی سعودیە ئاگربەستی ئۆکراینا تاوتوێ دەکەن

14-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایدەگەیێنێت، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و تاوتوێی ئاگربەستی ئۆکراینایان کردووە.
 
رۆژی هەینی 14ـی ئاداری 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملین لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رۆژی پێنجشەممە پووتین دوای ئەوەی رایگەیاند، بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست رازییە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەی کرێملین دا ئاماژە بەوە کراوە، پووتین "سوپاسی سعودیەی کردووە بۆ هەوڵە نێوەندگیرییەکانی." هەروەها دەڵێت، محەممەد بن سەلمان "ئاماژەی بە گرنگی چارەسەری قەیرانی ئۆکراینا کردووە و ئامادەیی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا - رووسیا دەربڕیوە."
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هەردوولا لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، "ئێمە بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست رازین، بەڵام پێویستە ئەم ئاگربەستە ببێتە هۆی ئاشتیی بەردەوام و لابردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە."
 
سەرۆکی رووسیا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد، کە هەوڵدەدات جەنگەکە رابگرێت. 
 
سەرۆکی رووسیا گوتی، لەوانەیە ئەو لەسەر ئەو پرسە تەلەفۆن بۆ ترەمپ بکات و گوتیشی: "ئێمە پشتگیری لە راگرتنی جەنگ لە رێگەی ئاشتییەوە دەکەین."
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی وەڵامی پووتین بۆ پێشنیازی ئاگربەستی 30 رۆژە دەڵێت، سەرۆکی رووسیا خۆی بۆ رەتکردنەوەی پێشنیازی ئاگربەستی 30 رۆژە ئامادە دەکات، کە ئەمریکا کردوویەتی؛ "بەڵام دەترسێت راستەوخۆ بەڕووی ترەمپدا بڵێت نامەوێت."
 
سەرۆکی ئۆکراینا پێی باشە ئاگربەستەکە جێبەجێبکرێت و گوتی: "ئاگربەست کاتی پێویست بەردەست دەخات بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی ئاسایشی ماوە درێژ، ئاشتییەکی متمانەپێکراو و پلانی راگرتنی جەنگ بداتەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فرێدریک مێرتس لە پەرلەمان. وێنە: AFP

فرێدریک مێرتز دەنگی پێویستی بۆ بوونە راوێژکاری ئەڵمانیا بەدەست نەهێنا

دوای ئەوەی هاوپەیمانێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتی کریستیان سۆسیالیست CDU/CSU لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا رێککەوتن لەسەر ئەوەی فرێدریک مێرتز بکەنە راوێژکاری ئەو وڵاتە، راوێژکارە دەستنیشانکراوەکە نەیتوانی لە پەرلەمان دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت.