جیهان

کچێکی ئاوارەی سوودانیە، لە دارفۆرەوە بەرەو سنووری سوودان - چاد هەڵاتووە. وێنەکە لە 15-5-2023 گیراوە: Reuters
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مرۆیی دانیمارک بۆ پەنابەران رایدەگەیێنێت، ژمارەی ئەوانەی ئێستا لە جیهاندا ئاوارەن 122.6 ملیۆن کەسە. هەروەها پێشبینیش دەکات، لە دوو ساڵی داهاتوودا، بەهۆی شەڕەوە 6.7 ملیۆن کەسی دیکە ئاوارە ببن.
رۆژی پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، ئەنجوومەنی مرۆیی دانیمارک بۆ پەنابەران (DRC) لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، کەمکردنەوەی یارمەتییە داراییەکانی هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا وایکردووە، ئاوارەکانی جیهان لە دۆخێکی خراپدا بژین.
رێکخراوە دانیمارکییەکە دەڵێت، "ئێمە لە سەردەمی جەنگ و لێنەپرسینەوەدا دەژین و هاووڵاتییانی سیڤیل زۆرترین باج دەدەن."
DRC ئاوارەکانی ئێستای جیهانی بە 122 ملیۆن و 600 هەزار کەس خەمڵاندووە و پێشبینیش دەکات، لە ئەم ساڵدا بەهۆی شەڕەوە 4.2 ملیۆن کەس و لە ساڵی داهاتووشدا 2.5 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوارە ببن.
زیاتر لە نیوەی ئەوانەی کە رێکخراوە دانیمارکییەکە پێشبینی دەکات ئاوارە ببن لە سوودان و میانمارن.
لە راپۆرتەکەی رێکخراوەی مرۆیی دانیمارک بۆ پەنابەراندا هاتووە، "سوودان یەکێکە لە قەیرانە هەنووکەییەکانی جیهان و ئێستا 12.6 ملیۆن کەس لەو وڵاتە ئاوارەن."
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، لە سوودان "برسیکردن وەکو چەکێک بەکارهێندراوە، وڵاتەکە رووبەڕووی قاتوقوڕی دوای قاتوقوڕی دەبێتەوە."
لە میانماریش ئەوانەی ئاوارە بوون بە 3.5 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێن و ئەوانەشی کە پێویستییان بە یارمەتیی مرۆییە زیاترن لە 20 ملیۆن کەس. پێشبینیش دەکرێت تاوەکو کۆتایی 2026 لانیکەم 1.4 ملیۆن کەسی دیکە لەو وڵاتە ئاوارە ببن.
DRC پێشبینی دەکات بەهۆی شەڕ، گۆڕانی کەشوهەوا و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ئەفغانستان، کۆنگۆ، سووریا، یەمەن و ڤەنزوێلا ژمارەی ئاوارەکان زیاتر ببێت.
هەروەها دەڵێت، نزیکەی 70٪ـی ئەوانەی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ئاوارە دەبن، ئاوارەی نێوخۆی وڵاتەکانیان دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ