رووسیا داوای هەوڵی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران دەکات

14-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رووسیا داوای هەوڵی دیپلۆماسیی زیاتر بۆ چارەسەری پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران دەکات. وەزیری دەرەوەی چینیش جەخت لە چارەسەری دیپلۆماسییانەی پرسەکە دەکاتەوە.
 
رۆژی هەینی 14ی ئاداری 2025 دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران گوتی، "پێویستە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەردەوام بن."
 
هەر ئەمڕۆ هەریەکە لە وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین؛ سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و کازم ‌‌غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەکین کۆبوونەوە و پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
 
دوای کۆبوونەوەکە، چین و رووسیا پشتگریی خۆیان بۆ ئێران دووپاتکردەوە و رایانگەیاند، دەبێت سەرجەم سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن و دواتر دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە.
 
وەزیری دەرەوەی چین داوای کرد، پرسی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت و گوتی، "دۆخەکە گەیشتووەتەوە خاڵێکی هەستیار. دەبێت سوود لە کات وەربگرین بۆ گەیشتن بە ئاشتی. پێویستە ناکۆکییەکان دیپلۆماسییانە چارەسەر بکەین."
 
هەینی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسیوە و تێیدا داوای کردووە دانوستاندن لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بکەن.
 
رۆژی 12ی ئاداری 2025 ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات بۆ کاروباری دیپلۆماسی نامەکەی گەیاندوەتە دەستی وەزیری دەرەوەی ئێران.
 
رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی 2015 لەنێوان تاران و وڵاتانی زلهێزی جیهان واژۆکرا. بە پێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێندرانەوە و تارانیش پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کرد. بەڵام ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە