رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دابەش بووە، ئەمەش نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی نێودەوڵەتیی زیاتر دەکات.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) رایگەیاندووە کە ئێران بە خێرایی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد دەکات، ئەمەش وایکردووە ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی داخراو ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە. ئەم کۆبوونەوەیە بە داوای ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکەی هاوپەیمانی ئەنجامدرا، ئەوان جەختیان کردەوە لەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان.
چین و رووسیا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە دیپلۆماسی و گفتوگۆ رێگەی گونجاون بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.
فو کۆنگ، نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، چین پشتگیریی هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش ناکات سەبارەت بەم بابەتە، لەبەر ئەوەی پێیوایە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەزگای دروستە بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە. هەروەها هیوای خواست کە هەموو لایەنەکان دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و هێورکردنەوەی دۆخەکە.
ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداویش نێردراوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. هەروەها دەڵێت ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سیاسەتی "زۆرترین گوشار" لەسەر ئێران و رێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان چین، رووسیا و ئێران لە چین ئەنجام بدرێت بۆ تاوتوێکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و رێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ