رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفرانسی ئاسایشی ئەم ساڵی میونشن، 60 سەرۆک و سەرۆکوەزیران، نزیکەی 150 وەزیری بەرگری، دەرەوە و ناوخۆی وڵاتان بەشدارن. لەنێو سەرکردەکانیشدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدارە.
کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی سێ رۆژە و لەو ماوەیەدا، نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ ژمارهيهك له سهركرده و بهرپرسانى باڵاى وڵاتان کۆدەبێتەوە، جگە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێت.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کۆنفرانسی میونشن، گەورەترین پێشهاتی سیاسی ساڵە لە جیهاندا کە بە میوانداریێتی ئەڵمانیا و رۆڵی یەکێتیی ئەورووپا، سەرۆک و سەرکردەی زۆربەی وڵاتانی جیهان لە دەوری یەک کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی روانگە و چارەسەری هاوبەش بۆ پرس و کێشەکان بدۆزرێتەوە."
کریستۆف هۆیسکن، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەبارەی بەشداریکردنی کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکە دەڵێت، "چەندین ساڵە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشدارن، چونکە ئەکتەری گرنگن لە ناوچەکەدا. من لە سەرۆک بارزانی و بەڕێز کرۆگێندۆرف چاوەڕێ دەکەم، کە لە لایەکەوە هەڵوێستی خۆیان بخەنەڕوو، چونکە ئەزموونێکی زۆریان هەیە لە شەڕی دژی داعش. ئەوەی من زۆر بە گرنگی دەزانم ئەوەیە، ئێستاش رۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕن لە هەوڵی رێکخستنەوەی دەوڵەتی سووریادا. من زۆر هیوادارم کە کورد و ناوچە کوردییەکان ببنە بەشێکی دانەبڕاو لەم سووریایە، کە تێیدا مافەکانی کورد، کە ئەوکات دەبنە کەمینە لە سووریا، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پارێزراو بن."
کۆنفرانسی ئەم ساڵەی میونشن هاوکاتە لەگەڵ بەهێزبوونی راستڕۆ توندڕۆکان لە ئەورووپا، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئەڵمانیا و دەستپێکی گوشارە ئابوورییەکانی ترەمپ لەسەر یەکێتیی ئەورووپا.
هەرچەندە شەڕی سێ ساڵەی ئۆکراینا و پێشڕەوییەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا، تەنگی بە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا هەڵچینیوە، بەڵام هێشتاش چاو و قورسایی سەرەکیی یەکێتییەکە لەسەر پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و دەیانەوێ باڵانسی هێز و پێگەی قووڵی خۆیان لە ناوچەکە لەدەست نەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ