جۆ بایدن: ئیسرائیل بەهۆی بۆردوومانی هەڕەمەکیی غەززەوە پاڵپشتی لەدەستدەدات

13-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل بەهۆی بۆردوومانە هەڕەمەکییەکانییەوە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "لەدەستدەدات." 

رۆژی سێشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە واشنتن ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوان [ئیسرائیل] خەریکە پشتیوانی نێودەوڵەتی لەدەستدەدەن." 
 
بایدن ئاماژەی بەوەش کرد، کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەبێت حکومەتە تووندئاژۆکەی بگۆڕێت و گوتی: "نەتەنیاهوو دەبێت حکومەتەکەی بەهێزتر بکات و گۆڕانکاریی تێدا بکات بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بدۆزێتەوە." 
 
ئەو گوتانەی بایدن دوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ بایدن ناکۆکییان هەیە لەسەر "قۆناخی دوای غەززە." 
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئیدارەی جۆ بایدن پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی بزووتنەوەی حەماس کرد، بەڵام چەندین جار ئیدارەی بایدن ئەوەی راگەیاندووە کە "نیگەران"ـە لە کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە. 
 
رۆژی دووشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2023، جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سەرپەرشتی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپای لە برۆکسل کرد.
 
بۆرێڵ رایگەیاند، لە ئەنجامی وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی چەکدارانی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمدا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی. گوتیشی: "وێرانکاریی باڵەخانەکانی غەززە، زۆر زیاترە لەچاو شارەکانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی دووەم." 
 
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، زیاتر لە 18 هەزار فەلەستینی کوژراون کە 70٪ـی قوربانییەکان ئافرەت و منداڵن. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو شەڕەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە، لانیکەم 305 هەزار خانوو و باڵەخانە وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە کە لەنێویاندا 339 ناوەندی خوێندن و 167 مزگەوتی تێدایە.
 
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئۆڤال ئۆفیس، کۆشکی سپی، 23-4-2025: Reuters

ترەمپ: دەکرێت کەنەدا ببێتە 51ـەم ویلایەتی ئەمریکا

لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنی گشتیی کەنەدا بەڕێوەدەچێت، ترەمپ دەستبەرداری خەونەکەی نابێت و دەڵێت: "کەنەدا ویلایەتی خۆشەویستی ژمارە 51ـی ئەمریکایە."