رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە گەڕایەوە نیویۆرک بۆ ئەوەی وەڵامی چەند پرسیارێکی داواکاری گشتی بداتەوە بداتەوە کە خۆی و سێ منداڵەکەی بە ساختاکاری تۆمەتبار دەکات. ئەوەش هەفتەیەک لەدوای ئەوە دێت کە ترەمپ لە دادگەی مانهاتنی شاری نیویۆرک راگیرا و 34 تۆمەتی ئاراستەکران.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی نیسانی 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کەیسێکی جیاواز لەوەی هەفتەی رابردوودا لە نیویۆرک لە دانیشتنێکی داخراودا لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتیی نیۆرکەوە رووبەڕووی چەند پرسیارێک بووەوە. ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ ئامادەکاریی بۆ دادگاییکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە چاوەڕواندەکرێت لەمساڵدا بکرێت.
ترەمپی تەمەن 76 ساڵی کۆماری لەسەر سکاڵای لێتیتا جەیمس، داواکاریی گشتیی ویلایەتی نیویۆرک بانگهێشتکراوە و لەژێر سوێندی یاساییدا پرسیاری لێکرا.
ترەمپ لەو بارەیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی نووسی: "ئەم کەیسە سڤیلە گاڵتەجاڕییە، هەروەکو هەموو کەیسەکانی دەستوەردانی دیکە کە لە دژی من دەجوڵێندرێن".
دادوەر لێتیتا جەیمس لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا بە تۆمەتی "ساختەکاری" لە رێکخراوی ترەمپ دا، سکاڵای لە دژی هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، ئێریکی کوڕی و ئیڤانکای کچی تۆمارکرد.
لە سکاڵاکەیدا، لێتیتا دەڵێت کە سکاڵالێکراوەکان "بۆ ماوەی چەندین ساڵ درۆیان لەگەڵ فەرمانبەرانی کۆکردنەوەی باج، قەرزدەران و فەرمانبەرانی بیمەی کۆمەڵایەتیدا کردووە". ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان ئەو کارەیان کردووە.
بەگوێرەی جەیمس، ئەوان نووسراوی هەڵەیان لەبارەی سامانی پوختەی رێکخراوی ترەمپەوە پێشانداوە بۆ ئەوەی "قەرز و بیمە وەربگرن و باجی کەمتر بدەن".
ترەمپ کە بەربژێری هەرە لە پێشی کۆمارییەکانە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2024 دا، ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا، لەدوای ئەوەی جەیمس سکاڵاکەی لەسەر تۆمارکرد، ترەمپ بۆ ماوەی شەش کاژێر رووبەڕووی لێپرسینەوە کرایەوە.
لە دوایین کەیسیشدا، ترەمپ رۆژی 4ـی نیسان لە بەردەم دادگەی مەنهاتنی نیویۆرک ئامادەبوو؛ 34 تۆمەتی پەیوەست بە پێدانی پارە بە ئەکتەرێکی پۆرن ئاڕاستەکران و ترەمپ هەموو تاوانەکانی رەتکردەوە. بەوەش ترەمپ بووە یەکەمین سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە تۆمەتی تاوانکاری بدرێتەپاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ