37ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لە کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەچوو

13-03-2025
دیار کوردە @diyarkurda
لە رێوڕەسمەکەدا نوێنەرێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پابەندی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵەبجە دووپاتکردەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا نوێنەرێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پابەندی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵەبجە دووپاتکردەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە نێو یەکێک لە باڵەخانەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، 37ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەی شەهید بەڕێوەچوو. لە رێورەسمەکەدا، کوردی دیاسپۆرا، ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کە خەڵکی سووریایە، لەگەڵ بەرپرسی دێسکی عێراق و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بەشداربوون و بەناوی وەزارەتی دەرەوە پابەندی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
 
ئارۆن نوێتنێن، بەرپرسی دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هەڵەبجەوە باس لەوە دەکات، "کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بەتەنیا رووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو ئێستاش بەهەزاران خێزان لە کەسوکاریان کە بوونەتە قوربانی دابڕاون، بەهەزاران رزگاربووی هێرشەکەی هەڵەبجە تاوەکو ئێستا پێویستیان بە چارەسەری تەندروستییە. ئێمە هەموومان ئەمڕۆ چیرۆکی رزگاربووانی هەڵەبجەمان بیست و بینی، ئەو بارە قورسەی هەڵیانگرتووە، ئەو بارەی کە بیری هەموومان دەهێنێتەوە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوە بکەین و بکەرانی رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکەینەوە، بۆیەش لە 37ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە دەمەوێت لە دڵەوە سەرەخۆشی لە قوربانییەکان، رزگاربووان و خانەوادەکانیان بکەم، هەروەها پاڵپشتیی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە.''
 
لە رێوڕەسمی ئەم ساڵدا کە لە نێو باڵەخانەی کۆنگرێس بەڕێوەچوو، یەکێک لە رزگاربووانی هەڵەبجە چیرۆکی خۆی و رووداوی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەی گێڕایەوە.
هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارانەشی دایەوە کە ئامادەبووان لەبارەی هەڵەبجە و کەیسی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە کردیان.
 
د. یەریڤان سەعید، رزگاربووی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەیە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ''ئەم یادە گرنگە لە کۆنگرێس دەکرێتەوە، چونکە کۆنگرێس شوێنێکە کە یاسای تێدا دادەندرێت، بۆ نموونە ئەگەر بتەوێت ئەنفال یان هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێندرێت، ئێرە شوێنێکە کە هەڵەبجە و ئەنفالی وەک کۆمەڵکوژی تێدا بناسێندرێت. بۆیە ئەمە هۆکارێکە کە بتواندرێت وردە وردە لۆبی بۆ کەیسی هەڵەبجە و ئەنفال بکرێت و کەیسی جینۆسایدی کورد بەرەوپێشەوە ببرێت، تاوەکو هاوشێوەی هەندێک وڵاتانی ئەورووپی کە هەڵەبجە و ئەنفالیان بە جینۆساید ناساندووە، لێرەش بەهەمان شێوە بە جینۆساید بناسێندرێت، وەک بینیمان کۆنگرێسمانێک لێرەبوو، قسەی لەبارەی هەڵەبجە کرد، کە کۆنگرێسمانێکی تازەبوو، بۆ یەکەمجار هەڵبژێردرابوو، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەش لێرەبوو کە قسەی کرد لەبارەی هەڵەبجە.''
 
37 ساڵ بەسەر یادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا برینی هەڵەبجە بۆ کورد هێشتا زیندووە و دەیانەوێت ئەم کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە کۆنگرێسی ئەمریکاش بەجینۆساید بناسێندرێت و جیهان لەبیری نەچێت کە کورد بە چیدا رۆشتووە و بۆ ئازادی چی قوربانییەکی داوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە