رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایدەگەیێنێت، شەوی رابردوو لانیکەم 77 درۆنی ئۆکراینییان خستووەتە خوارەوە. ئەمەش دوای دوو رۆژ لە هێرشە راستەوخۆکەی کێیڤ بۆ سەر مۆسکۆ دێت.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شەوی رابردوو لە هەرێمی بریانسک 30 درۆنی ئۆکراینییان خستووەتە خوارەوە و 25 درۆنی دیکەشیان لە شاری کالگوا خستووەتە خوارەوە.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەیەک درۆنی دیکەی ئۆکراینییان لە هەرێمەکانی کورسک، ڤارۆنێژ، رۆستۆڤ و بۆلۆگارد خستووەتە خوارەوە.
رۆژی سێشەممە رووسیا زیاتر لە 90 درۆنی ئۆکراینی لە مۆسکۆی پایتەخت خستەخوارەوە. سێرگی سۆبیانین، پارێزگاری مۆسکۆ هێرشەکەی بە "گەورەترین هێرشی درۆنیی دوژمن بۆ سەر مۆسکۆ" ناوبرد.
هێرشەکەی رۆژی سێشەممە، بەگوتەی بەرپرسانی رووسیا، بووەتە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی دیکە.
هێرشە درۆنییەکەی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا لەکاتێکدایە، گفتوگۆکانی هەردوولا بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەردەوامە.
رۆژی سێشەممە، 11-3-2025، شاندی ئەمریکا و ئۆکراینا لە شاری جەدەی سعودیە بە ئامادەبوونی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، زیاتر لە 8 کاژێر لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستی ئۆکراینا.
دوای کۆبوونەوەکە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئۆکراینا جەخت لە وەستاندنی تەقە و دەست بە گفتوگۆکردن دەکاتەوە." دەشڵێت، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی رووسیایە، هیوادارین رووسیا بەڵێ بۆ ئاگربەستەکە بکات. ئەگەر نەیکات ئەو کات دەزانین کێ کۆسپی بەردەم ئاگربەستەکەیە."
لەدوای کۆبوونەوەکەش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە ئەمریکا کرد رووسیا بە ئاگربەستە 30 رۆژییەکە رازی بکات.
زیلینسکی گوتی، "ئۆکراینا پێشوازی لەم پێشنیارە دەکات، ئێمە بە ئەرێنیی دەبینین و ئامادەین هەنگاوێکی لەم شێوەیە بنێین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەبێت رووسیا بەمە رازی بکات."
دوای ئەوەی ئۆکراینا ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەست دەربڕی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ رووسیا قسە دەکات و رەنگە دووبارە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە زیلینسکی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ