رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ، ئێرلەندا بەوە تۆمەتبار دەکات کۆمپانیاکانی دروستکردنی دەرمانی لە ئەمریکا بردووە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، ئێرلەندا و یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا بۆ سوودی خۆیان بەکاردەهێنن.
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە مایکڵ مارتن، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا کرد.
ترەمپ لە بەردەم رۆژنامەڤاناندا رەخنەی لە کۆمپانیاکانی دەرمانی ئێرلەندا کرد و گوتی، "ئێرلەندییەکان کەسانی زیرەکن... ئێوە [ئێرلەندا] کۆمپانیاکانی دروستکردنی دەرمان و کۆمپانیاکانی دیکەمانتان بردوون."
سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لەبارەی ئێرلەندا گوتی، "ئەم ئێرلەندا بچووکە کە دانیشتووانەکەی 5 ملیۆن کەسە، تەواوی پیشەسازیی دروستکردنی دەرمانی ئەمریکای خستووەتە ژێر چنگی خۆی."
ئێرلەندا بە ناوەندێکی سەرەکیی پیشەسازیی دروستکردنی دەرمان لە جیهان دادەندرێت. کۆمپانیا جیهانییەکانی دروستکردنی دەرمان بەهۆی کەمیی رێژەی باج، لە ئێرلەندا دەرمان دروست دەکەن و هەناردەی بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەورووپای دەکەن.
ئێرلەندا تەنیا 12.5٪ـی باج لە کۆمپانیاکانی دروستکردنی دەرمان وەردەگرێت، لەکاتێکدا ئەمریکا 21٪ باجییان لێوەردەگرێت.
هەروەها ترەمپ سەرکۆنەی یەکێتیی ئەورووپای کرد و گوتی، "یەکێتی ئەورووپا بۆ ئەوە دروست بووە کە ئەمریکا بۆ سوودی خۆیان بەکاربهێنن."
پرسیار لە ترەمپ کرا "ئایە ئێرلەنداش ئەمریکا بۆ سوودی خۆی بەکاردەهێنێت؟" ترەمپ گوتی، "بەڵێ، بەدڵنیاییەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئەورووپای بەوە تۆمەتبار کرد، کە بەرهەمەکانی دروستکراوی ئەمریکا ناکڕن و گوتی، "کێشەمان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا هەیە. ئەوان بەرهەمەکانی جووتیارەکانمان ناکڕن، ئۆتۆمبێلەکانمان ناکڕن، بەڵام ئێمە ملیۆن ئۆتۆمبێلیان لێدەکڕین."
گوتەکانی ترەمپ لەکاتێکدایە، یەکێتیی ئەورووپا پلانێکی بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی لەسەر بەشێک لە بەرهەمەکانی دروستکراوی ئەمریکا راگەیاندووە. ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ 25٪ پێناسی گومرگی خستە سەر ئەو پۆڵا و ئەلەمنیۆمەی، کە هەناردەی ئەمریکا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ