کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی: رێککەوتنی کورد و دیمەشق دەستپێکێکی باشە

13-03-2025
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی دەڵێت، رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان کورد و دەسەڵاتداریێتی کاتیی سووریا دەتوانێت "دەستپێکێکی باش" بێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "گرنگە بەرژەوەندییەکانی کورد پارێزراو بن."
 
ئەبراهم حەمەدا، کۆنگرێسمانی ئەمریکی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە رێورەسمی یادی هەڵەبجە کە لە باڵەخانەی کانن (باڵەخانەی ئۆفیسی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا) بە رووداوی راگەیاند کە خوازیارە ئەمریکا "رۆڵێکی گرنگ" بگێڕێت لە پاراستنی هاوپەیمانەکانی وەک کورد، کە لە شەڕی دژ بە داعشدا لەگەڵ ئەمریکا هاوکار بوون.
 
لەبارەی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئەو کۆنگرێسمانە گوتی کە "سەرۆک ترەمپ پابەندە بە بەرقەرارکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی ئاشتی لەو ناوچەیە بەدیدێت." 
 
ئەبراهم حەمەدا روونیشیکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا هەرگیز بۆ "مانەوەی هەمیشەیی" نەچوونەتە سووریا، بەڵکو بۆ "رێگریکردن لە هەندێک ئەکتەری خراپ کە هۆکاری تێکدان و وێرانیین."
 
دەقی پرسیاری رووداو و رۆژنامەڤانان و وەڵامی ئەبراهم حەمەدا، کۆنگرێسمانی ئەمریکی
 
رووداو: رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان کورد و دەسەڵاتدارییەتی کاتی سووریا چۆن دەبینیت؟
 
کۆنگرێسمان ئەبراهم: رێککەوتنەکەم نەخوێندووەتەوە، بەڵام وای دەبینم ئەمە دەستپێکێکی باش بێت بۆ ئێستا، ئێمە دەبێت لەوەتێبگەین کە پێویستە کوردەکان بپارێزین، بۆیەش دەمەوێت دڵنیاببمەوە بەرژەوەندییەکانی کورد پارێزراون، بۆیە دەڵێم، ئەمە دەستپێکێکی باشە بۆ ئێستا. ئێمە دەمانەوێت سووریایەکی یەکگرتوو ببینین، چیدیکە خوێنڕشتن و شەڕی نێوخۆمان ناوێت کە خەڵکێکی زۆری کردە قوربانی. بەداخەوە وێرانییەکی زۆری هێنا. بۆیەش، دەستپێکێکی باشە، بەڵام دەشزانم کە سازش و دڵنیایی زۆر هەیە دەبێت بکرێت بۆ پێکهاتەکانی دیکەش. بۆیەش دەمەوێت دڵنیابم لەوەی ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە پاراستنی هاوپەیمانەکانی وەک کورد، ئەوانەی لەشەڕی دژ بە داعش لەگەڵ ئێمەدا دابوون.
 
رووداو: ئیدارەی ترەمپ، گفتوگۆ لەسەر پلانێک دەکەن بۆ کشانەوە یانیش هێشتنەوەی هێزەکانیان، پێتوایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە تاوەکو ئێستاش داعش هەڕەشەیە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و کوردیش؟
 
کۆنگرێسمان ئەبراهم: من بەناوی سەرۆک ترەمپەوە قسە ناکەم، بەڵام سەرۆک ترەمپ، وەک خۆشت دەزانیت پابەندییەکی دەربڕیوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بۆیەش دەیەوێت دڵنیابێت کە ئاشتی لەو ناوچەیە بەدیدێت. خۆشی دەزانێت باشترین بڕیارە لەبارەی هێزەکانمان بدات. ئەو هێزانە هەرگیز بۆ مانەوەی هەمیشەیی نەچوونەتە ئەوێ، بەڵام دەبێت لە پەیوەندییەکانیش تێبگەین، بۆیە چوون تاوەکو رێگری لە هەبوونی هەندێک ئەکتەری خراپ لەو ناوچەیە بکەن کە هۆکاری تێکدان و وێرانییەکانن.
 
پرسیار: بەنیازی سەردانی کوردستان بکەی؟
 
کۆنگرێسمان ئەبراهم: بەدڵنیاییەوە، دەمەوێت بگەڕێمەوە زێدی باو و باپیرانم، من چارەگێک کوردم، دایکی باوکم کوردە. پاشناوەکەشی کوردییە، باوەڕ دەکەی یان نا، بۆیەش زۆر پەرۆشم تاوەکو بچمە هەرێمی کوردستان و عێراقیش، هەروەها
بچمە سووریا و هەموو ناوچەکەش.
 
پرسیار: گەشبینی بە داهاتووی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟
 
کۆنگرێسمان ئەبراهم: بەڵێ، چونکە خەڵکی کورد خۆڕاگرن، باشترین هاوکاریش بۆ کورد، کورد خۆیەتی، ئەوان بەهێز و یەکگرتوون، بۆیەش تاوەکو کورد بەهێز و یەکگرتووبن لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆجیشەوە، هیچ شتێک نییە نەتوانن بەدەستی بهێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی پارتەکە لە کۆنفرانسی پارتەکان لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا گیراوە. وێنە: AFP

هەواڵگریی ئەڵمانیا پارتی 'AfD' وەکو گرووپێکی راستڕۆی تووندڕۆ ناساند

دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیا پارتی "AfD" وەکو گرووپێکی راستڕۆی تووندڕۆ دەستنیشان کرد، کە دوای کریستیانەکان خاوەن زۆرترین کورسیی پەرلەمانن. ئەمەش دەسەڵاتێکی زیاتر دەداتە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی حیزبەکە.