رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێک لە میونشنی ئەڵمانیا خۆی بەنێو خەڵکیدا کرد، رووداوەکە نزیکەی یەک کیلۆمەتر و نیو لە شوێنی کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن دوور بوو. ئەو کۆنفرانسەی سەرکردە دیار و کاریگەرەکانی جیهان کۆ دەکاتەوە و ئاساییش و سەقامگیری مژاری سەرەکییانە.
دیتەر رایتەر، پارێزگاری شارەکە لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، "بەڕاستی رۆژێکی رەشە بۆ شاری میونشن. من زۆر تووڕە و پەرێشانم کە ئێستا لە میونشن هێرشێکی لەم جۆرە ئەنجام درا، بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ خێراکردن بەرەو خەڵکێکی زۆر. لە ئێستادا بیرکردنەوەم لای قوربانییەکان و ئەوانەیە کە بە سەختی برینداربوون و هیوادارم هەموویان رزگاریان ببێت. دواتر سەیری ئەوە دەکەین کە داواکاری گشتی دەتوانێت چی لەبارەی پاشخانی تاوانەکە و هۆکارە ئەگەردارەکانی بدۆزێتەوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی باڤاریا و وەزیری ناوخۆ هەر زوو هاتنە دەنگ، لێکۆڵینەوە لە رووداوێک دەکەن کە ئێستا بووەتە زنجیرە و هەرجارەو شارێک دەکاتە قوربانی.
مارکۆس سۆدەر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی باڤاریا دەڵێت، "ئێستا دەبێت سەرەتا وردەکارییەکان بزانین. پێویستە هەموو شتەکان روونبکرێنەوە، بەڵام شێوازەکان لە یەک دەچن، بۆیە پێویستە لە هەموو شتێک دڵنیاببینەوە. پێمانوایە، دەکرێت ئەو ئاڵنگارییانەی لەم چەند مانگەی رابردوودا چەندین جار روویانداوە، ئێستا بە هەمان شێوە لە میونشن دووبارەبووبێتنەوە".
لەماوەی سێ مانگدا ئەوە دووەمین رووداوی هاوشێوەیە لە ئەڵمانیا، لە هەردوو رووداوەکەش هێرشکارەکان بە رەچەڵەک ئەڵمانی نەبوون، ئەمەش وەک بەنزین وایە بۆ ئەو ئاگرەی پارتی دژە کۆچبەری جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، هەڵیگیرساندووە، ئەو پارتەی کۆچبەران بە هۆکاری سستبوونی ئابووری و ئاساییشی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکات.
هەفتەی داهاتوو خەڵکی ئەڵمانیا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، پرسی کۆچبەران بۆ دەنگدەران، چ راستڕۆ بن یان نا، پرسێکی سەرەکی هەڵبژاردنەکان دەبێت، بەپێی دوایین راپرسیش، پارتی جێرەوە بۆ ئەڵمانیا، دەنگی دووەمی هەڵبژاردنەکە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ