رووداو دیجیتاڵ
لە بەلجیکا سبەی یەکشەممە هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکان بەڕێوەدەچن. هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارەوانییەکانن. دوو کورد خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە.
یەکێک لە بەربژێرەکان سەیران زاویتەییە کە خەڵکی دهۆکی باشووری کوردستانە و چەندین ساڵە لە بەلجیکا دەژیت. کچی شەهیدە، بەربژێرە لەسەر لیستی کریستیان دیموکراتەکان و داوا دەکات کوردی دیاسپۆرای بەلجیکا دەنگی پێبدەن و ئەویش خزمەتیان بکات.
سەیران 22 ساڵ لەمەوبەر لە دهۆکەوە چووەتە بەلجیکا و بۆ هەڵبژاردنی 13ـی ئۆکتۆبەری 2024 لەسەر لیستی کریستیان دیموکراتی فلامی بەربژێرە.
پڕۆگرامی تایبەتی پارتەکەی و کارتی تایبەت بە زانیارییەکانی بەسەر دانیشتووانی شاری لویڤن دا دابەشدەکات بەو هیوایەی دەنگی ئەوان بەدەستبهێنێت.
سەیران نایف سەعدی زاویتەیی کاخەزێکی کارنامەی پارتەکەی بەدەستەوەیە و دەڵێت: "ئەمە 25 خاڵن کە پارتەکەمان کاری لەسەر دەکات بۆ شارەوانیی ئەم شارە بۆ ئەوەی سوود بە هەموو کەسێک بگەیێنێت. گرنگترین خاڵ لەلای من کە دەمەوێ کاری لەسەر بکەم، خاڵی شازدەیەمە کە دابینکردنی خانووە بۆ هەژاران. بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتە. بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکانە. یاخود ژنێک بەتەنیا لەگەڵ منداڵەکانی بژیت. بابەتێکی گەورەیە لە سیاسەتدا، چونکە یەکێک لە گەورەترین زانکۆکان لەسەرانسەری بەلجیکا و ئەورووپا لەم شارەدایە. ئەمە شاری خوێندکارانە. هەربۆیە نرخی خانوو زۆر گرانە."
ژمارەی کورد لەو شارە و دەوروبەری زۆرنییە، بەڵام هەنە کە مافی دەنگدانیان هەبێت. سەیران داوا لە کۆمەڵگە نوێیەکەی و کوردانیش دەکات دەنگی پێبدەن.
دەچینە نووسینگەی تایبەت بە هەڵبژاردنی پارتەکەی؛ خانمێکی هاوبیری سیاسیی سەیران 18 ساڵە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەکەیە. پارتەکەی بە پایەی راگرتنی باڵانسی کۆمەڵگە دەزانێت.
ریتیێ پاڤێلس، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری لویڤن دەڵێت: "ئێستا حکومەتی شاری لویڤن هاوپەیمانێتییەکە کە لە سێ پارت پێکهاتووە. ڤۆرات، کە پارتێکی سۆشیاڵە؛ پارتی سەوز، کە تایبەتە بە ژینگە و پارتی کریستیان دیموکراتەکان ئەمە حکومەتی ئێستایە، ئێمە لە (سێدیانڤێ) پێمان خۆشە هەروا بەردەوام بێت. پارتەکەی ئێمە زۆر گرنگە، هەموو ئەو گۆڕانکاری و یاسایانەی کە لەلایەن حکومەتەوە دەردەکرێن، پێویستە بەگوێرەی هەموو دانیشتووانی لۆڤن بگونجێندرێن."
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی ئەم پارتەی هەڵبژاردووە، سەیران دەڵێت: "ئەم پارتە دەستی بە بابەتی رەوشتییەوە گرتووە. پارێزگاری لە مرۆڤی سرووشتی دەکات. یارمەتیی ئەو کەسانە دەدات کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن. ژن دەهێنێتە پێشەوە و پشتیوانیی لێدەکات."
پارتەکەی سەیران ناوی کریستیانێتی و دیموکراتییەتی پێکەوە هەڵگرتووە. ئەندامبوون و چاکاکبوونی کوردان لە سیاسەتی وڵاتانی ئەورووپا دا نزیکە لەوەی ببێتە دیاردە و لە جیاتی سۆسیال و چەپەکان زیاتر مەیلی کۆنسێرڤاتیڤەکان (پارێزگارەکان)یان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ