پێنتاگۆن: پابەندین بە کارکردن لەگەڵ هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە

12-08-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە گفتوگۆیەکی نێوان بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن و ژمارەیەک رۆژنامەڤان کە یەکێکیان دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو بوو لە واشنتن دی سی، باس لە تێڕوانین و پلانی داهاتووی پێنتاگۆن کرا لە هەرێمی کوردستان و عێراق. لە بەشێکی گفتوگۆکەدا بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن باس لە هێزی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت، "دەمانەوێت یەکخستنەوەی پێشمەرگە خێرابکرێت."
 
لەبارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، "هێزی پێشمەرگە بەشێکی گرنگی هێزەکانی ئاسایشی عێراقە و لە دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە. دەمانەوێت هاوئاهەنگی زیاتر لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەبێت؛ هەروەها دەمانەوێت پێشمەرگە سەرچاوەی پێویستی هەبێت و بە باشی بودجەی بۆ دابین بکرێت تاوەکو کارەکانی راپەڕێنێت".
 
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن لەبارەی یەکەکانی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگەوە پرسیاری لێ دەکرێت و ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، "ئەوەی دەمانەوێت بیبینین، هەبوونی هێزێکی پێشمەرگەی بێلایەنە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا. دەمانەوێت لیواکانی [پێشمەرگە] سەرچاوەی پێویستیان لەبەردەستدا بێت و بودجە و هێزیان بدرێتێ بۆ هەستان بە ئەرکەکانیان. ئەمەشمان بە باشی بۆ سەرکردەکان روونکردووەتەوە."
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەبارەی ئەوەشەوە پرسیاری لێکرا کە ئەگەر هێزی پێشمەرگە یەکنەخرێتەوە، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی؟ لە وەڵامدا گوتی، "پێشمەرگە هاوبەشێکی گرنگمان بووە لە شەڕی لەنێوبردنی هەمیشەیی داعش و دەمانەوێت بەردەوام بین لە کارکردن و مەشقپێکردنی پێشمەرگە بۆ ئەوەی زیاتر پرۆفێشناڵ بن. بۆ ئەوەش، پابەندیی ئەمریکا بۆ کارکردن لەگەڵ لیوای بێلایەن و یەکگرتوو بۆ سەرکردایەتیی سیاسی [لە هەرێمی کوردستان] روونکراوەتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا لەبارەی دیاریکردنی کاتێک بۆ ئەوەی تێیدا یەکەکانی 70 و 80 بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، کاتمان دیارینەکردووە، بەڵام زۆر روون بووین لەسەر ئەوەی کە دەمانەوێت بەرەوپێشچوون [لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە] خێرا بکرێت."
 
ئەمریکا لە عێراق دەمێنێتەوە؟
 
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن پرسیاری لەبارەی پلانی ئەمریکا دوای تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش لێکرا و ئەو پرسیارەی ئاراستە کرا کە ئایا ئەمریکا لە عێراق دەمێنێتەوە یان نا؟ لە وەڵامدا گوتی، "ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت جۆرێک لە مانەوەی بەردەواممان لە عێراق هەبێت، ئەوا ئامادەین گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین."
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی، "ئێمە 30 هەزار سەربازمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و چەندین بنکەی ئاسمانیشمان لە وڵاتانی هاوبەشمان هەیە؛ بۆیە هێزەکانی ئەمریکا بە نزیکەیی لە هەموو وڵاتانی کەنداو پێشوازیان لێدەکرێت"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین کار ئێستا عێراق بیکات بریتییە لە بانگهێشتکردنی بەردەوامی ئەمریکا بۆ بەردەوامبوون لە ئەرکەکەی لە لەنێوبردنی داعش و لە دواتریشدا دەتوانن پرۆسەی چۆنێتی مانەوەی ئەمریکا لە داهاتودا تاوتوێ بکەن.
 
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن باس لەوە دەکات، ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەیدا بە روونی ئەوەی نیشانداوە کە بەرژەوەندی هەمیشەیی لە مانەوەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە؛ لەو بازنەیەشدا عێراق بەلایەوە گرنگە. ئەو بەرپرسەی ئەمریکا دەڵێت، عێراق بەردەوامە لە بانگهێشتکردنی ئەمریکا بۆ ئەرکی راوێژکاری و مەشقپێکردنی هێزەکانی؛ گوتیشی، "هەردوولا لەوە تێگەیشتوون کە هۆکارێک بۆ مانەوەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق هەیە."
 
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن لەبارەی پێگەی ئەمریکاوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، ئەمریکا رژدە لەسەر هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رووی ئاسایشەوە؛ باسیش لەوە دەکات، "نموونەیەکی باش بۆ ئەوە، سەردانەکەی ساڵی رابردووی سەرۆک بایدنە بۆ جەدە کە بەشداری لە ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کۆ سێ کرد. لەبەرئەوەی عێراق یەکێک لە وڵاتانی کۆ سێ یەک، ئەمریکا لای وایە لە رووی ئابووری، بازرگانی، وزە و ئاسایشەوە عێراق وڵاتێکی گرنگە".
 
بەرپرسەکەی ئەمریکا لەبارەی هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە کە زۆربەیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدان دەڵێت، "بەڵێ، نیگەرانین لەو گرووپە چەکدارانە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقن. پێمان وایە هەر بەرپرسێکی دەوڵەت چەک و پارەیان دەداتێ، ئەوە دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیرکردن و لاوازکردنی سەروەریی عێراق و ئاسایشی خەڵکی عێراق"؛ گوتیشی، ئەو هێزانە پێویست نین لە عێراقدا هەبن، چونکە "هێزی زۆر بە توانا لە نێو هێزەکانی عێراقدا هەن کە دەتوانن گوشار بخەنە سەر داعش".
 
پێنتاگۆن ئەوەش رووندەکاتەوە، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پەیوەستە بە دڵنیاییدانی عێراق و بەتایبەت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەو هێزانە پارێزراون و لەلایەن هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە زیانیان بەرناکەوێت. باسیش لەوە دەکات، دەمێکە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکراونەتە ئامانج و بەهیوان دۆخەکە بەو جۆرە بمێنێتەوە.
 
رۆڵی هاوپەیمانان لە لەنێوبردنی داعش
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ئەمریکا کۆبوونەوە و دیالۆگی دووقۆڵی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق دەکات و پابەندە بە هاریکاریکردنی سوپا، هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام "هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە نزیکەوە بەشداری لە شەڕەکەدا هەیە. کە دەڵێم شەڕەکە مەبەستم هەردوو شەڕی زەوینی و ئەو هەوڵەشە کە بۆ کەمکردنەوەی دیلەکانی داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان لە کەمپی هۆل و رۆژ دەدرێت".
 
هەروەها باس لەوەش دەکات، "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نزیکەوە بەشدارە لە نزیککردنەوەی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پێداویستییە مرۆییەکانی ئەو کۆمەڵگەیانەی لە عێراق و سووریا بەتایبەت رووبەڕووی پێشێلکاریی گەورە بوونەتەوە لەسەر دەستی داعش. هەروەها بەشدارە لە دابینکردنی سەقامگیری بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی خەریکن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان تێکەڵ دەبنەوە."
 
گرژییەکانی واشنتن، پەکین و تاران بەرەو کوێ؟
 
لەماوەی رابردوودا ئێران دەستی بەسەر ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمزدا گرت. کاتێک پرسیار لەبارەی کاردانەوەی ئەمریکا لە بەرپرسەکەی پێنتاگۆن کرا گوتی، ئەمریکا چەند هەنگاوێکی گرتوونەتەبەر، لەوانە زیادکردنی هێزە دەریاییەکانی لەو ناوچەیەدا و ناردنی کەشتی تۆماس هەندەر، ژمارەیەکی زیاتری فڕۆکەی F-16 و فڕۆکەی F-35 بۆ چاودێریکردنی رێڕەوە بازرگانییەکە.
 
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکە لەبارەی مەشقی سەربازیی فاڵکۆن شیڵد بوو لە نێوان چین و ئیمارات لە هەرێمی شینژیانی چین. ئیمارات هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەی کەنداو و 5000 سەربازیشی لەو وڵاتە هەیە.
 
بەرپرسەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، بە دڵنیاییەوە ئەوان نیگەرانی ئەو هاوئاهەنگییە سەربازییەن لە نێوان چین و ئیماراتدا هەیە، چونکە ئیمارات یەکێکە لە هاوبەشە گرنگەکانیان و پەیوەندی ستراتیجی و سەربازی قووڵیان لەگەڵ دروستکردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە