رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بایۆنتێک کە دروستکەری ڤاکسینی فایزەرە بۆ یەکەمجار دەبرێتە بەردەم دادگە، بەهۆی ئەو "کاریگەرییە نەرێنی"یەی ڤاکسینەکە لەسەر ژمارەیەک بەکاربەر لە ئەڵمانیا و جیهان هەیبووە.
دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2020 ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا بڵاوبووەوە و ملیۆنان خەڵک لە جیهاندا لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتینە کران، راگەیاندنی ڤاکسینی کۆڤید وەک فریادڕەسێک بە جیهان ناسێنرا.
ڤاکسینەکە تا رادەیەک زوو دروستکرا و بڕیاردرا کە بۆ بەکارهێنان لەلایەن هاووڵاتییانەوە سەلامەتە، چەندین شارەزای پزیشکی لە جیهاندا دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دەرمانەکە کرد. بە تایبەت لە فەرەنسا و بەریتانیا کە بەشێک لە بەکاربەران بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن ڤاکسینەکە بووبێتە هۆی تێکچوونی تەندروستییان.
رۆژی دووشەممە 12-6-2023، دادگەیەک لە هامبۆرگ بە نیازبوو پێشوازی لە داوایەک بکات کە لە دژی کۆمپانیای بایۆنتێک و کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی تۆمار کراوە؛ کۆمپانیای فایزەر یەکەم RNAی ڤاکسینەکەی دروستکرد.
دادگاییکردنەکە دواخرا، چونکە کۆمپانیای داوالێکراو گومانیان لە بێ لایەنی دادوەرەکە هەبووە و داوایانکردووە لیژنەیەکی دادوەری بە بەشداری چەند دادوەرێک بەشداری لە دۆسیەکەدا بکەن، نەک یەک دادوەر.
ئەو کەسەی داواکارییەکەی بەرزکردووەتەوە، دەڵێت، دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە دووچاری ئازار لە سنگ و شان و قۆڵیدا بووە و بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەشی دووچاری هەڵاوسان بوون. هەروەها دەڵێت هیلاکی، بوورانەوە و ناڕێکی خەو بەشێکی دیکە بوون لە لێکەوتەکانی دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە.
ئەو خاتوونە داوای کردووە بە 162 هەزار دۆلار قەرەبوو بکرێتەوە. پارێزەر تۆمار ئۆڵبریچ، کە هەمان کەیسی 250 هاووڵاتی دیکەی وەرگرتووە، باس لەوە دەکات، تەواوی ئەو خەڵکانە پێش ئەوەی ئەو دەرمانە بخۆن کێشەی تەندروستییان نەبووە.
ئەو پارێزەرە دەشڵێت، "راپۆرتە پزیشکییەکان دەریدەخەن، بەکارهێنانی ڤاکسینەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەندروستی ئەو هاووڵاتییانە هەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ