رووداو - واشنتن
لە پەیمانگەی کوردیی واشنتن لە زانکۆی جۆرج تاون، پانێڵێک بۆ نوێنەرانی هەر چوار بەشی کوردستان رێکخرا. تێیدا باس لە دۆخی کورد لەو وڵاتانە دەکرێت کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، باسەکە تایبەتە بە یەک نەتەوە، بەڵام لە هەر بەشێکی کوردستان، ئاستەنگ و پێشهاتی جیاواز هەن و وەکو ئەوە وایە باسی چوار دەوڵەتی جیاواز بکرێت.
ئارەش ساڵح، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا لە واشنتن دەڵێت، "لەڕاستیدا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆسەر چەند بابەتێکی سەرەکی، یەکەمینیان کوردستان دابەش کراوە، ئەمە راستییەکە و خۆی سەپاندووە بەسەر ئێمەدا، ئێمە لە هەر بەشێکی کوردستان بین، بەلایەنی کەمەوە دوو دراوسێمان لەوبەرەوە وڵاتێکە کە بەشێکی کوردستانی تێدایە، بۆیە وەک دوورگەیەکمان لێهاتووە کە دەبێت زۆر وریایانە پەیوەندییەکانمان رێکبخەین و پێشیان بخەین، یەکەمیان یارمەتیدەر بین بۆ دۆزی خۆمان، دووەمیشیان تاوەکو دەتوانین یارمەتیدەر بین بۆ دۆزی هاونیشتمانیانمان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان."
کۆبوونەوەی نوێنەرانی کورد لە واشنتن بەیەکەوە زۆر بە کەمی دەبیندرێت، بۆیەش کاتێک پانێڵێکی لەم شێوەیە دەبیندرێت، جێگەی دڵخۆشیی کورد و دۆستەکانی کوردیشە، بە بۆچوونی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگەی ئاشتیی کوردی لە واشنتن، ئاساییە کورد لە هەر بەشێکی کوردستان سیاسەتێکی جیاوازی هەبێت، بەڵام گرنگە هەر کارێک دەکەن بیر لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەشەکەی دیکەی کوردستانیش بکەنەوە و وێنە گەورەکەی کوردستانیان لەبەرچاوبێت.
گیران ئۆزجان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگەی ئاشتیی کوردی لە واشنتن ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا چوار پارچەی کوردستان هەیە، دەکرێت پارتی سیاسیی جیاواز هەبن، وەکو هەموو گەلانی جیهان، کوردیش جیاوازییان لەنێودا هەیە و پارتی سیاسیی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە شارەکانی وەکو واشنتن و لەندەن و پاریس، یەکبوونی کورد واتە کۆبوونەوەی هەموو لایەنەکان لەدەوری فیکری یەک پارتی سیاسی نییە، بەڵکو یەکبوون، واتە سیاسەتی لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەکانی کوردستان، دەتوانن لە دژی پارچەکانی دیکە کار نەکەن."
بەهۆی ئەوەی کوردستان یەک دەوڵەت نییە و کاریگەریی چوار دەوڵەتی جیاوازی بەسەرەوەیە، دابەشبوون و کارکردنی کوردیش لە دژی بەرژەوەندییەکانی یەکدی کاریگەریی گەورەی دەبێت، بەتایبەتیش لە واشنتن، بۆیە بۆچوونەکان زیاتر ئەوەن، ئاساییە هەر پارچەیەک سیاسەتی جیاوازی هەبێت، بەڵام ئاسایی نییە لە دژی بەرژەوەندییەکانی یەکدی کار بکەن.
سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە لە واشنتن گوتی، "راستی ئەمڕۆ پانێڵێکی زۆر گرنگ و خۆش بوو، چوار پارچەی کوردستان، نوێنەرەکانیان لێرە بوون، ئەمە شتێکە جێگەی دڵخۆشییە کە کوردستان هەموویان بەیەکەوەن، ئەوە دەزانین کە هەر بەشێکی کوردستان تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە، بەپێی ئەو تایبەتمەندییەش هەر پارچەیەک سیاسەت و کاری خۆیان دەکەن، ئێمە هیواخوازین، لە پانێلەکەشدا گوتم، هەر کەسێک لە باشوور یان رۆژئاوا یان هەر بەشێکی دیکەیە با هەبێت، هەر کۆبوونەوەیەک کە دەیکەن، پارێزگاری لە بەشەکەی دیکەی کوردستانیش بکات، ئەمەش ئەرکێکە لەسەر هەموومان."
ئەم کۆبوونەوەیە و گۆڕینی بیروبۆچوونی نوێنەرانی کورد لە واشنتن بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت و بۆچوونەکانیش ئەوەن کۆبوونەوەی لەم شێوەیە زیاتر بکرێن و ئەو بۆچوونانەش کە لەم شوێنە گشتییانە دەگوترێن، گرنگە لە سیاسەت و گفتوگۆکانیشیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا رەنگدانەوەی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ