چین: نیگەرانی دۆخی دەریای سوورین

12-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، نیگەرانی ئەو دۆخەن کە لە دەریای سوور دەگوزەرێت و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات، رێگە لە فراوانبوونی ململانێکان بگرن.  
 
رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانی خۆی دەربارەی دۆخی دەریای سوور و هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکان دەربڕی و گوتی: "چین لە پەرەسەندنی گرژییەکانی دەریای سوور نیگەرانە؛ ئێمە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هێمن ببنەوە و دان بەخۆیاندا بگرن".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتیشی: "هیوادارین هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان رۆڵێکی بونیادنەر و بەرپرسیارانە لە پاراستنی ئاسایشی دەریای سووردا ببینن".
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی چیندا هاتووە: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە هاوبەشی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بپارێزن و خۆیان لە هەراسانکردنی کەشتییە مەدەنییەکان بەدوور بگرن".
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا "هێرشێکی سەرکەوتوویان" کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکانی یەمەن. 
 
جۆ بایدن گوتی: "دوودڵ نابم لەوەی فەرمان بە کردەوەی سەربازی زیاتر دژی حووسییەکان بدەم، ئەگەر پێویست بکات".
 
دوای هێرشەکەش، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکە و کەشتیی جەنگییەوە کراون و لە هێرشەکاندا چەند شارێکی یەمەن کراونەتە ئامانج، کە حووسییەکان تێیدا باڵادەستن.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، هێرشەکە بە فڕۆکە و کەشتی جەنگییەوە کراون و لە هێرشەکەدا چەند شارێکی یەمەن کراونەتە ئامانج، کە حووسییەکان تێیدا باڵادەستن.
 
محەممەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حووسییەکان رایگەیاند هێرشەکانیان بۆ سەر دەریای سوور بەردەوام دەبن و گوتی: "ئێمە دووپاتی دەکەینەوە ئەو شەڕانگێزییانەی دژی یەمەن، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، بەو پێیەی هیچ مەترسییەک لەسەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و دەریای عەرەبیدا نەبووە".
 
حووسییەکان بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووشەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووری دەستپێکردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
 
بەهۆی هەڕەشەکانی حوسییەکانەوە، تاوەکو 5ـی ئەم مانگە، لەکۆی 10 گەورە کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی، هەشتیان گەشتەکانیان لە دەریای سوور راگرتووە.
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە