رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، کاری لەپێشینەی وەستاندنی جەنگی ئۆکراینا دەبێت. هەروەها دەشڵێت، "جەنگی ئۆکراینا لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەختترە".
رۆژی چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای فەرەنسی گوتی، "پێم وایە کە دەبێت کێشەی ئۆکراینا لەگەڵ رووسیا چارەسەر بکەم".
ترەمپ گوتیشی، "هەردوو وڵاتەکە [ئۆکراینا و رووسیا] ئەو ژمارە سەربازە لەدەست دەدەن کە کەس ناتوانێت بڕوای پێبکات. سەتان هەزار سەرباز لەو جەنگەدا دەکوژرێن".
لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ترەمپ گوتی، "بە دڵنیاییەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش کاری لەپێشینەمان دەبێت. بەڵام پێم وایە کە جەنگی ئۆکراینا لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەختترە".
ترەمپ زیاتر لەبارەی جەنگی ئۆکراینا و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوڕاست دەڵێت، "دوو دۆخن کە دەبێت چارەسەریان بکەین و چارەسەری خێرایان بۆ بدۆزینەوە. ژمارەیەکی زۆر خەڵک بەو هۆیەوە گیانلەدەست دەدەن".
رۆژی شەممە، ترەمپ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەشداری لە کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام کرد، کە لە ساڵی 2019ـەوە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە تێیدا داخرابوو. هەر لە پاریس، ترەمپ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ترەمپ گوتی، "کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ سەرۆک زیلینسکی ئەنجامدا".
دوێنێ سێشەممە، زیلینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "سوپاسگوزاری ئیرادەی بەهێزی ترەمپم بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ لە ئۆکراینا".
ترەمپ لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن رایگەیاندبوو، ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێتەوە، لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت.
کەمتر لە دوو مانگی دیکە دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.
رۆژی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، ترەمپ لەبارەی جەنگی ئۆکراینا نووسی، "دەبێت دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیێندرێت و گفتوگۆکان دەستپێبکەن".
"دەکرێت لەم زستانە گفتوگۆی ئاشتی لە ئۆکراینا دەستپێبکات"
رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە کۆبوونەوەیەکی حکومەتی وڵاتەکەی لەبارەی گفتوگۆی ئاشتی بۆ جەنگی ئۆکراینا گوتی، "زنجیرەیەک گفتوگۆمان لەبارەی دۆخی سنوورەکانی رۆژهەڵاتمان دەبێت".
هەروەها سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کرد، "شاندەکەمان یارمەتیدەر دەبێت بۆ داڕشتنی ساڵنامەیەکی سیاسی و پرۆسەی گفتوگۆکردن کە رەنگە لەو زستانە دەستپێبکات، هەرچەندە هێشتا دڵنیایی لەو بارەیەوە نییە".
توسک ئەوەشی راگەیاند، کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی پێنجشەممە سەردانی وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا دەکات و گفتوگۆ لەبارەی کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی پاریس دەکەن کە سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردوویەتی.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وارشۆ لە ئەسکەندەنافیا و وڵاتانی بەڵقان لە گفتوگۆدایە و ئەوەشی راگەیاند، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سەرەتای مانگی داهاتوو سەردانی وارشۆ دەکات.
رۆژی دووشەممە، ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کیێڤی پایتەخت ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ "چارەسەری سیاسی" لە جەنگەکەیان لەگەڵ رووسیا راگەیاند.
هاوکات، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا- کرێملین رایگەیاند، ئەوان تاوەکو ئامانجەکەیان بەدەستدەهێنن لە جەنگەکەیان لەگەڵ ئۆکراینا بەردەوام دەبن.
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد کە رووسیا بەرەوپێشچوونێکی زۆری لە چەندین ناوچە بەدەستهێنا و ئێستاش نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینای کۆنتڕۆل کردووە.
سوپای رووسیا پێگەی خۆی لە هەرێمەکانی خێرسۆن، زاپۆرۆژییا، دۆنێتسک و لوهانسکدا جێگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ