تونس بووەتە لانکەی بەڕێکەوتنی کۆچبەر بەرەو ئەوروپا

11-08-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
گواستنەوەی کۆچبەران. وێنەکە لە ڤیدیۆ وەرگیراوە
گواستنەوەی کۆچبەران. وێنەکە لە ڤیدیۆ وەرگیراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر ئەو بەلەمەی کۆچبەران کە لە شاری سفاقسی تونسەوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو و نقوومبوو، 45 کۆچبەر هەبوون. چواریان رزگارکران و خاچی سووری ئیتاڵیا دەڵێت، 41 کەسەکەی دیکەیان خنکاون.
 
لە یەکێک لە کەناراوەکانی تونس، خاچی سووری تونسی خواردن و کەرەستەی پزیشکی دەداتە ژمارەیەک کۆچبەر کە چاوەڕێی بەلەمێک دەکەن بەرەو ئەوروپایان ببات. ئەمساڵ لە تونسەوە زۆرترین کۆچبەر چوونەتە دەریای نێوەڕاستەوە و تاوەکو ئێستاش 1800یان مردوون.
 
بوسەینە قەرەقبا، گوتەبێژی خاچی سووری تونس دەڵێت، "ئەمڕۆ ئێمە جارێکی دیکە لە خاڵی سنووریی رەس جدیرین لەسەر ئەرکێکی مرۆیی، تاوەکو هاوکاری کۆچبەران بکەین کە لە دۆخێکی زۆر خراپدان و پێداویستی پزیشکییان پێبدەین."
 
زۆربەی ئەوانەی لە تونسەوە بەڕێدەکەون، بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆن. وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بڵاویکردووەتەوە، ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی تەممووز 94 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی کە 54 هەزاریان لە تونسەوە بووە و رۆژی 268 بەلەم تەنیا لە تونسەوە بەرەو ئیتاڵیا رۆیشتووە.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی کۆچ دەڵێت، لە 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 121 هەزار و 391 کەس بە دەریای نێوەڕاستدا گەیشتوونەتە ئەوروپا و 2 هەزار و 387 کەسیش لەو رێگەیەدا مردوون یان بێسەرووشوێن بوون.
 
٪75یان لە رێڕەوی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا، نزیکەی 10٪یان لە رێڕەوی رۆژئاوا و 15٪یشیان لە رۆژهەڵاتی دەریاکەوە چوونەتە ئەوروپا.
 
زۆربوونی کۆچبەری بۆ ئەوروپا لە باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، بەرپرسانی ئەو کیشوەرەی نیگەرانکردووە.
یەکێتیی ئەوروپا بۆ رێگریکردن لە لێشاوەکە، هەوڵی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا دەدەن.
 
بەریتانیاش تادێت رێکاری تووندتر بۆ بەرگرتن لە چوونی کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتە دەگرێتەبەر کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 15 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە