رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین مانگ لە گوتاری تووندی نێوانیان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە برۆکسل لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن لە پاریس بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پلانی وایە بەر لە دەستپێکی لووتکەی ناتۆ، رۆژی دووشەممە لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە.
ماکرۆن دەڵێت، تورکیا و فەرەنسا "لێکتێنەگەیشتنی گەورە"یان هەیە، بەڵام پێویستە لەسەریان "بەردەوام بن لە گفتوگۆکردن."
دوو سەرۆکەکە پێشتر لەسەر ژمارەیەک پرسی نێودەوڵەتی زمانی زبریان بەرامبەر یەکدی بەکارهێناوە، لەوانەش لەسەر پرسی لیبیا، سووریا و ناگۆرنۆ قەرەباخ.
هەروەها پێشتر ماکرۆن هۆشداریی داوە، کە تورکیا بەنیازە دەستوەردان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ساڵی 2022ی فەرەنسادا بکات.
سەرۆکی فەرەنسا هەروەها لە ساڵی 2019دا گوتبووی کە هەنگاوە تاکلایەنەکانی ئەنقەرە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی رووسی بوونەتە هۆی "مردنی مێشک"ی ناتۆ.
تورکیا و فەرەنسا هەردووکیان ئەندامی ناتۆن. ماکرۆن دەڵێت: "کاتێک ئێمە لە یەک هاوپەیمانیدا بین، ناتوانین بڕیاربدەین کەرستەیێک بکڕین کە رێگە بەکارکردنی کەرستەکانی دیکەمان نەدات، ناتوانین بڕیاربدەین ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنانە بکەین ئەگەر لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەو هاوپەیمانیانە بێت کە خۆمان دروستمانکردوون."
هەروەها دەرکردنی یاسایەکی نوێ بۆ رێگەنەدان بە بەهێزبوونی پێگەی موسوڵمانە پەڕگیرەکان لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە کاردانەوەی تووندی ئەردۆغانی لێکەوتەوە، کە فەرەنسای بە "ئیسلامۆفۆبیا" تۆمەتبارکرد.
پەیوەندیی نێوان ماکرۆن و ئەردۆغان لە ساڵی رابردوودا گەیشتە ئەوپەڕی گرژی، ئەوەش دوای ئەوەی ئەردۆغان گوتی، ماکرۆن پێویستی بە "پشکنینی دەروونی"یە.
کۆتا مانگی ساڵی رابردوو، ئەردۆغان رایگەیاند، هیواخوازە فەرەنسا بە زووترین کات "ماکرۆن لە کۆڵ بکاتەوە" و سەرۆکی فەرەنسای بە "کێشە" بۆ پاریس ناوبرد.
بەڵام لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، ئاماژەی ئارامبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەرکەوتوون و تورکیا جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە پێکەوەگونجان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا کردووەتەوە.
هەروەها راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لە لیبیا بە سەرکردایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ئەنجامدا حکومەتێکی یەکگرتووی کاتی لەو وڵاتەدا پێکهات، بووەتە هۆی ئەوەی یەکێک لە خاڵە هەرە ناکۆکەکانی نێوان پاریس و ئەنقەرە نەمێنێت، هەرچەندە ماکرۆن بەردەوام جەختلەوەدەکاتەوە پێویستە هەموو هێزەکانی تورکیا ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ