رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند رایدەگەیێنێت، ساڵانە راهێنانی سەربازی بە 100 هەزار هاووڵاتیی سڤیلی وڵاتەکەیان دەکەن. ئامانجیشیان ئەوەیە ژمارەی سەربازە یەدەگەکانی سوپا زیاد بکەن.
رۆژی سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، دۆناڵد توسک لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "لە ساڵی 2027، توانای ئەوەمان دەبێت ساڵانە راهێنانی سەربازی بە 100 هەزار کەسی خۆبەخش بکەین."
پۆڵاند هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئۆکراینایە لە جەنگی دژ بە رووسیا، لەوکاتەشی کە جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکردووە بەردەوام بەرگریی بەهێز کردووە.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند رایگەیاندووە، بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەتوانن راهێنانی سەربازی بە هەموو پیاوانی پۆڵاند بکەن و وڵاتەکە لە هەر "هەڕەشەیەک" بپارێزن.
ئێستا ساڵانە نزیکەی 35 هەزار پۆڵاندی بە خۆبەخشانە راهێنانی سەربازیی دەکەن.
بەگوێرەی پلانە نوێکە، هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 18 تاوەکو 60 ساڵییە دەتوانن خۆبەخشانە بەشداری لە راهێنانەکە بکەن.
بەرپرسانی پۆڵاند رایانگەیاندووە، دەیانەوێت ژمارەی سەربازانی وڵاتەکە لە 200 هەزارەوە بگەیێننە 500 هەزار سەرباز.
پۆڵاند پلانی هەیە لەمساڵەوە 4.7٪ـی کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆی لە بەهێزکردنی بەرگریی خەرج بکات، ئەوەش زۆرترین خەرجییە کە وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە بەرگریی بیکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ