رووداو - واشنتن
ئیدارەی بایدن لە پڕۆژە بودجەی 2025ی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی داوای 528 ملیۆن و 699 هەزار دۆلار بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی دەکات. لەو بڕە پارەیە، سەرووی 380 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراقە.
پڕۆژە بودجەکە رەواوانەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکرێت و دوای پێداچوونەوەی لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکان و پەسندکردنی لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا، دەگەڕێندرێتەوە بۆ کۆشکی سپی و بە واژۆی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بە یاسا و لە ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رۆژی دووشەممە، پڕۆژە بودجەی پێشنیازکراوی ساڵی 2025 بڵاوکردووەتەوە و لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەشدا داوای 528 ملیۆن و 699 هەزار دۆلار هاوکاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە عێراقییەکان کردووە.
بەپێی پڕۆژە بودجەکە لە بڕە پارەیەی کە داواکراوە، بڕی 380 ملیۆن و 758 هەزار دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەبن، 147 ملیۆن و 941 هەزار دۆلاریش بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبێت.
هاوکارییەکان تایبەت دەبن بە مەشق و راهێنان و هەروەها پڕچەککردنی ئەو هێزانەی کە رووبەڕووی داعش دەبنەوە.
بەپێی پڕۆژە بودجەکە بێت، ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 داوای هاوکاری زیاتری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە عێراقییەکانی کردووە.
ئەم پێشنیازەی ئیدارەی بایدن لە کاتێکدایە کە هاوکارییەکانی ئەمریکا لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2024 بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات 475 ملیۆن دۆلاربوو.
لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2023شدا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی ئەو هێزانە داوای 475 ملیۆن دۆلاری کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ