رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، وەزیری گەنجینەی وڵاتەکەی رەوانەی ئەو وڵاتە دەکات. دەشڵێت، "دەبێت بەزوویی کۆتایی بە جەنگەکە بێت."
رۆژی سێشەممە 11ی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس رایگەیاند، "دەبێت بە زوویی جەنگی غەززە کۆتایی پێبێت.. کوشتار و وێرانکارییەکی زۆر [لە ئۆکراینا] هەبووە."
بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کاتەکەی بکات، ترەمپ رایگەیاند، سکۆت بێسەنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رەوانەی ئۆکراینا دەکات و لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆدەبێتەوە.
لە کاتێکدا ترەمپ داوای کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەکات، ئۆکراینا داوا دەکات لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ رووسیا، ئەمریکا گەرەنتییەکی بەهێزی ئەمنییان پێبدات.
هەروەها ترەمپ رایگەیاندووە، کێس کێلۆگی نێردەی تایبەتی خۆی رەوانەی ئۆکراینا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا، کێلۆگ 20ی شوبات دەگاتە کیێڤ. ترەمپ وادەی سەردانەکەی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام گوتی، سەردانەکە دەکرێت.
هەفتەی رابردوو ترەمپ رایگەیاند، دەیەوێت لەگەڵ ئۆکراینا گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێک بکات، بۆئەوەی لە بەرامبەر یارمەتیی سەربازی، کیێڤ کانزا دەگمەنەکانی بە ئەمریکا بدات.
لە وەڵامی ئەوەدا، زیلینسکی رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە پێشوازی لە "وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان" لە کانزاکانی وڵاتەکەیدا بکات.
رۆژی 10-02-2025 سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە مۆسکۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەوان هیچ ئەجێندایەکی شاراوەیان لە ئۆکراینا نییە و ئامادەی دیالۆگن.
ئەو بەرپرسەی رووسیا باسی لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی جەنگەکە کرد و گوتی، "سەرەڕای ئەوەی دژبەری لە گوتەکانیان هەیە"، بەڵام لانیکەم حەزی خۆیان بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ رووسیا راگەیاندووە.
رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەژێردەستە و لە 2014یشەوە نیمچە دوورگەی کریمیای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ