جیهان

ئاوارەبوونی کوردانی ئێزدی لە 10ی ئابی 2014 بەهۆی هێرشی داعش بۆسەر شنگال. وێنە: REUTERS/Rodi Said
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی سوێد ئەمڕۆ بڕیاری دا ژنێکی تەمەن 52 ساڵ بە 12 ساڵ زیندانیکردن سزا بدات. دادگەکە رایگەیاندووە، ژنەکە ئەندامی رێکخراوی داعش بووە و لە سووریا ژن و منداڵانی کوردی ئێزدیی کردووە بە کۆیلە.
رۆژی سێشەممە 11ی شوباتی 2025 دادگەیەکی ستۆکهۆڵم رایگەیاند، لینا ئیسحاق تۆمەتی بەکۆیلەکردنی ژنان و منداڵانی ئێزدیی لە ماڵەکەی خۆی لە سووریا لە زستانی 2015 بەسەردا ساخکراوەتەوە.
دادگەکە کەیسەکەی بە 'جینۆساید' و 'تاوان دژی مرۆڤایەتی' ناوبردووە و رایگەیاندووە، تاوانبارەکە دەبووایە 16 ساڵ زیندانی بکرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی حوکمی پێشووی، سزاکەی کەمکراوەتەوە.
لینا کە هاووڵاتی سوێدییە، پێشتر دادگە بە تاوانی رێگەدان بە کوڕە 12 ساڵانەکەی بۆئەوەی ببێتە چەکداری داعش، بە 6 ساڵ زیندانیکردن حوکمی داوە.
دادگەکە رایگەیاندووە، ئەو کەیسەی ژنەکەی لەسەر سزادراوە پەیوەندیی بە 9 کوردی ئێزدییەوە هەبووە، کە شەشیان لەو کاتەدا منداڵ بوون و لە کاتی هێرشی رێکخراوی داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014 دەستگیر کراون و براونەتە سووریا، هەروەها هەموو پیاوەکانیشیان لەلایەن رێکخراوەکەوە کوژراون.
بە گوتەی دادگەکە، هەر 9 ژن و منداڵە کوردە ئێزدییەکان 5 مانگ بە دیلی لەژێر دەستی چەکدارانی داعش لە رەققەی سووریا ماونەتەوە، دواتر رادەستی لینا کراون و "ئەویش زیندانی کردوون و وەکو موڵکی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا کردوون، وەکو کۆیلە بۆ ماوەی 5 مانگ رایگرتوون."
ناچارکردن بۆ گۆڕینی ئایین
بە گوتەی دادگە سوێدییەکە، 9 کوردە ئێزییەکە جموجۆڵیان سنووردار کرابوو، کاری ناو ماڵیان پێکراوە. هەروەها وێنەکانیان بۆ کەسانی دیکە نێردرابوو و ئامادەکاری کرابوو بۆ گواستنەوەیان.
لە راگەیێندراوەکەی دادگەدا هاتووە، لینا کوردە ئێزدییەکانی ناچار کردووە ببنە 'موسڵمانێکی پراکتیکی،' ناچار بە خوێندنەوەی ئایەتەکانی قورئان و نوێژکردنی کردوون. جگە لەوەش سووکایەتیی پێکردوون و دەستەواژەی "کۆیلە" یان "کافر"ی بەرامبەر بەکارهێناون.
میکائیل ڤێستێرلوند، پارێزەری لینا ئیسحاق ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا لینا بڕیاری نەداوە کە داوای پێداچوونەوە بە کەیسەکە بکات یاخود نا، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، دڵخۆشن کە دادگە حوکمی تاهەتایی نەداوە وەکو داواکاری گشتی داوای کردبوو.
بەگوێرەی دەزگای هەواڵگریی سوێد، لە ساڵانی 2013 و 2014 نزیکەی 300 سوێدی یاخود هاووڵاتیی دانیشتووی سوێد، کە 25%یان ژن بوون، پەیوەندییان بە رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریاوە کردووە.
لینا لە خێزانێکی کریستیانی عێراقی لە سوێد گەورە بووە، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکان جیرۆ مێهۆی هاوژینی دەناسێت، دەبێتە موسڵمان.
لینا 6 منداڵی هەیە و ساڵی 2013 لەگەڵ منداڵەکانی سەردانی سووریای کردووە؛ هاوژینەکەی لە ئابی 2013 مردووە، و لیناش لە 2014 چووەتە رەققە و دووبارە ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ