رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بە هەموو لایەکی شەقامەکانی شاری کیتۆوی پایتەختی ئیکوادۆر دا بڵاوەیان پێکراوە و لە شەوانیشدا هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک و هاتووچۆ قەدەخە کراوە.
بەرپرسانی وڵاتەکەش جگە لەوەی باری نائاساییان راگەیاندووە، جەنگیشیان لە دژی مافیاکان راگەیاندووە.
جەیمی ڤێلا، سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی ئیکوادۆر دەڵێت، "دانیێل نۆبوا، سەرۆککۆمار، بەگوێرەی بڕیارە بەرکارەکان فەرمانی بە ئێمە کردووە کە لە ئێستاوە هەموو تیرۆریستەکان بە ئامانج بگیرێن. ئێستا و داهاتووی وڵات لە مەترسیدایە و هیچ کارێکی تیرۆریستی نابێتە هۆی ئەوەی لە ئەرکەکەمان بوەستین".
لە ماوەی رابردوودا، باڵادەستیی گرووپە تاوانکارییەکان و باندە مافیاکان لە ئیکوادۆر بەرە بەرە زیاتر دەبوو.
حکومەتی ئیکوادۆریش چەندین رێکاری دژی ئەو گرووپانە گرتەبەر و بەڵێنیدا هەژموونی ئەو گرووپانە کەم بکاتەوە.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە، 8ـی کانووی دووەمی ئەم ساڵ، سەرۆکی باندێکی بەهێزی مادەی هۆشبەر و تاوانکاریی لە یەکێک لە گرتووخانەکانی وڵاتەکە رایکرد، باندەکان و حکومەت جەنگیان دژی یەکدی راگەیاند.
لەوکاتەوە گرووپە مافییەکان لانیکەم 125 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیان رفاندووە و حکومەتیش 330 ئەندامی باندەکانی دەستگیر کردووە.
هەریەکە لە پیرۆ و کۆلۆمبیاش کە هاوسنوورن لەگەڵ ئیکوادۆر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە یارمەتی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بدەن.
هێڵدەر فێرمەن، فەرماندەی سوپای کۆلۆمبیا دەڵێت، "لە قۆناخی ئێستادا تیمێکی ئۆپەراسیۆنمان رەوانەی ئیکوادۆر کردووە بۆ ئەوەی یارمەتیی برایانمان بدەن لەو وڵاتە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیکوادۆریش لەسەرهێڵین و هاوئاهەنگییەکانمان بەردەوام دەبن".
باندەکان پشێویی و نائارامییەکی زۆریان لەو وڵاتە دروستکردووە، هەر لە رفاندنی خەڵک، کوشتن، بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوەکو بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تێوەگلاون.
تەنیا لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان مافیاکاندا لەو وڵاتە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ