حکومەتی ئەڵمانیا مەرجی نوێ بۆ پێدانی مافی مانەوەی هەمیشەیی بە کۆچبەران دادەنێت

10-12-2022
سه‌نگه‌ر ستار
کۆبوونەوەیەکی پێشووی پەرلەمانی ئەڵمانیا
کۆبوونەوەیەکی پێشووی پەرلەمانی ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەڵمانیا گۆڕانکاری لە یاساکانی کۆچبەریدا دەکرێن. گۆڕانکارییەکی ئاسانکاری و ئەرێنین. زۆر کەس دەیانەوێت بزانن ئەو گۆڕانکارییانە چین و چۆن کاریگەرییان لەسەر کۆچبەرانی کورد دەبێ.
 
پەرلەمانی فیدڕاڵی ئەڵمانیا پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و بەگوێرەی یاساکە، هەر کۆچبەرێک ماوەی پێنج ساڵ لە ئەڵمانیا مابێتەوە و دۆڵندونگی هەبێت، ئەوا مافی مانەوەی کاتی بۆ ماوەی 18 مانگ پێدەدرێت و دەبێت لەو ماوەیەدا خۆی فێری زمانی ئەڵمانی بکات و کارێکیش بۆخۆی بدۆزێتەوە.
 
بەڵام ئەو کۆچبەرانەی کە پاسپۆرتی وڵاتەکانیان نییە، ئەو مافەیان پێنادرێت، ئەمەش کێشەی بۆ ئەو کۆچبەرانە دروستکردووە کە بەهۆی سیاسەتی وڵاتەکەیان هەڵاتوون، بۆ نموونە ئەو کوردانەی لە ریزی حیزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشمەرگە بوون و ناتوانن بچنە باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەڵمانیا، چونکە باڵیۆزخانەکان بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکە ئەژماردەکرێت و گرەنتی ئازاردانیان نییە.
 
ئارێز ئەحمەد دەروێش، پارێزەر و شارەزای کۆچبەری لە ئەڵمانیا رایگەیاند، یاساکە وردەکاریی زۆری تێدایە و لەوانەیە ببێتە هۆکارێکی باش بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوەی هەمیشەیی بۆ دەیان هەزار کۆچبەر.
 
ئارێز ئەحمەد لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرا روونیکردەوە، نزیکەی 100 هەزار کۆچبەر لە ئەڵمانیا دۆڵدونگیان هەیە، دۆڵدونگ واتە مافی مانەوەی نییە و دیپۆرتیش ناکرێتەوە.
 
ئارێز ئەحمەد گوتی، "بەپێی یاساکە کۆچبەر چەندین مەرجی بۆ دانراوە بۆ ئەوەی مافی مانەوەی هەمیشەیی پێبدرێت، لەوانە دەبێت کۆچبەر تاوەکو 1ی 1ی 2022 ماوەی 5 ساڵ لە ئەڵمانیا مابێتەوە، هەروەها نابێت کۆچبەر زیندانی کرابێت، یاخود لە 50 رۆژ زیاتر زیندانی نەکرابێت، هەروەها دەبێت کۆچبەر پاسپۆرتی وڵاتەکەی هەبێت، کاتێک ئەمانەی هەبوو، ئەوکات حکومەتی ئەڵمانیا مافی مانەوەی 18 مانگ بەشێوەی کاتی پێدەدات و دەبێت لەو ماوەیەدا خۆی فێری زمانی ئەڵمانی بکات و کارێکیش بۆ خۆی بدۆزێتەوە، ئەگەر ئەوانەی جێبەجێکرد، ئەوکات مافی مانەوەی هەمیشەیی پێدەدرێت".
 
ئارێز ئەحمەد گوتیشی، یاساکە ئەو کۆچبەرانە ناگرێتەوە کە لە دوای 2017 چوونەتە ئەڵمانیا.
 
ئارێز ئەحمەد ئاشکرایکرد، هەر کۆچبەرێک فێری زمانیش نەبێت تەنیا زیندانی نەکرابێت، واتە تاوانی ئەنجام نەدابێت ئەوا دیپۆرت ناکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە