ناشڤیڵی ئەمریکا.. لە چوونی یەکەمین پەنابەرانی کوردەوە تاوەکو بەدەستەخوشکبوونی لەگەڵ هەولێر

11-09-2023
دیار کوردە @diyarkurda
ناشڤیڵی ئەمریکا، ناسراو بە "کوردستانی بچووک." وێنە: دیار کوردە - رووداو
ناشڤیڵی ئەمریکا، ناسراو بە "کوردستانی بچووک." وێنە: دیار کوردە - رووداو
A+ A-
 
رووداو - ناشڤیڵ

بیڵسن یەکێکە لە دۆستە نزیکەکانی کورد لە ناشڤیڵ، ساڵی 1976 کاتێک وەکو کارمەندێکی رێکخراوە مرۆییەکان کاری کردووە باوەشی بۆ یەکەمین گرووپی رەوەندی کوردی لە ئەمریکا کردووەتەوە و شوێنی مانەوە و کاری بۆ دۆزیونەتەوە، هەر ئەو هەنگاوەش وایکرد بەشی زۆری ئەو کوردانەی دیکە کە روویان لە ئەمریکا کرد، بچنە ناشڤیڵ و ئێستاش شارەکە بە "کوردستانی بچووک" بناسرێت.
 
بیڵسن کڵەیر، بەرپرسی پێشووی رێکخراوی کاتۆلیک چەرچ دەڵێت، "من شانازی ئەوەم بەرکەوت کە لە حوزەیرانی 1976، یەکەمین پەنابەرەکانی کورد کە روویان لە ئەمریکا کرد، شوێنیان بۆ دابین بکەین، لەو مانگەدا دوو گرووپی کورد هاتن کە 17 گەنج بوون، دەبێت ئەوە بڵێم کاتێک سەیری ئەم رابردووە دەکەم، پێزانینێکی زۆرم بۆ کورد هەیە، یەکەم شت کە گوتیان ئەوە بوو، دەمانەوێت کار بکەین، دەمانەوێت خزمەتێک بەم کۆمەڵگەیە بکەین، بخوێنین و دەمانەوێت ببین بە دۆستێکی زۆر باشی ئەمریکییەکان."
 
دوای نزیکەی 50 ساڵ بەسەر چوونی یەکەمین گرووپی رەوەندی کوردی بۆ ناشڤیڵ، ئێستا ناشڤیڵ و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بوونەتە دەستەخوشک و پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ئەو دوو شارەدا هەیە و رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونی ئەو دوو شارەش لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ناشڤیڵ راگەیێندرا.
 
تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن گوتی، "بەڕاستی ئەمە رێوڕەسمێکی مێژووییە، ناشڤیڵ کوردستانی بچووکە کە ئێمە وای پێ دەڵێین و گەورەترین کۆمەڵگەی کوردی لە ئەمریکا لێرەن، ئەمەش کار و هەوڵی 10 ساڵەی کۆمەڵگەی کوردی و حکومەتی خۆجێیی ناشڤیڵە، بۆیە ئەمە رۆژێکی خۆشە بۆ من و پشتیوانیی تەواوی لێدەکەم، هاوکاریی پرۆگرامەکەیان دەبین کە ئەمڕۆ دەستیپێکرد."
 
ئەیمی کارەمان، ئەندامی ئەنجوومەنی بەدەستەخوشککردنی ناشڤیڵ باسی لە دڵخۆشیی خۆی کرد بەو پەیوەندییەی دروستبووە و گوتی، "وەک دەبینن، خەڵک دڵخۆشن و ئاهەنگ دەگێڕن، دڵخۆشم بەو پردەی کە دروستی دەکەین، ئەو پەیوەندییە نوێیەی کە لە بواری ئاڵوگۆڕی قوتابییان و کولتووری دروستی دەکەین، بۆیە رۆژێکی زۆر خۆشە و دڵخۆشم کە بەشێکم لەم هەنگاوە."
 
ئەم هەنگاوە جێگەی دڵخۆشیی رەوەندی کوردییە لە ناشڤیڵ، چونکە ئەم پەیوەندییە رەنگدانەوەی گرنگی لەسەر پەیوەندیی کورد و حکومەتی ناشڤیڵ و هەروەها خەڵکی ناشڤیڵیش دەبێت.
 
ئەکرەم بارزانی، کوردی دانیشتووی ناشڤیڵ باس لەوە دەکات، "لە ساڵی 1977 هاتینە ئێرە، نزیکەی 30 بۆ 40 نەفەر بووین، بەڵام ماشەڵڵا
ئێستا نزیکەی 20 هەزار کورد لێرەن و پێی دەڵێن (کوردستانی بچووک)، ئەمڕۆش رۆژێکی پیرۆزە، کەیفخۆشییە بۆ ئێمە هەموومان، کە هەولێر و ناشڤیڵ بوونە دەستەخوشک."
 
دەلال جەعفەر، دەرچووی کۆلێژ جگە لە دەربڕینی دڵخۆشیی خۆی بە دەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤیڵ، ئەوەی خستەڕوو، "ئەم دەستەخوشکییە لەنێوان شاری هەولێری هەرێمی کوردستان و ناشڤیڵی ئەمریکا راگەیێندرا، بۆ من وەکو کچێکی کورد جێگەی شانازییە کە ببینم پەیوەندییەک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناشڤیڵ دروستکراوە."
 
ئێستا هەولێر بە فەرمی دەیەمین دەستەخوشکی ناشڤیڵە، بڕیاریشە لەمڕۆ بەدواوە هەنگاوی کردەیی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری، پەروەردەیی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوو شارەکە بندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا