رووداو دیجیتاڵ
لە شاری فیلادێلفیای ویلایەتی پێنسیلڤێنیای ئەمریکا، تەقەی هەڕەمەکی بەنێو ژمارەیەک لە خەڵكدا کراوە کە دەگوترێت سەرقاڵی مەراسیمەکانی جەژنی رەمەزان بوون.
میدیای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، دوو کەس لە رووداوەکە بریندار بوون و چوار کەسیش بەتۆمەتی تەقەکردنەکە دەستگیر کراون.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، لە ناوچەی پارکساید لە رۆژئاوای شاری فێلادێلفیا چەند کەسێک تەقە لە رێوڕەسمێکی موسڵمانانی ناوچەکە دەکەن کە خەریکی گێرانی جەژن بوون.
بەگوتەی بنکە تەندروستییەکانی فیلادلفیا، لانیکەم پێنج بریندار بۆ نەخۆشخانەکان گوێزراونەتەوە و هیچ حاڵەتێکی کوشتن تۆمارنەکراوە.
پۆلیسی فێلادێلفیا ئاماژە بەوە دەکات، پێنج کەسییان بەتۆمەتی تەقەکردنەکە دەستگیر کردووە، کە چوار پارچە چەکیان پێبووە.
رووداوی تەقەکردن، بە یەکێک لە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکا دادەنرێت و تەنیا لە سێ مانگی ئەمساڵدا 50 رووداوی تەقەکردن روویانداوە و بەهۆیانەوە، 80 کەس کوژران و زیاتر لە 170 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو، 604 رووداوی تەقەکردن لە سەرانسەری ئەمریکا روویاندا و بەهۆیانەوە، 746 کەس کوژران و زیاتر لە دوو هەزار و 440 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لەنێو ئەو رووداوانەی تەقەکردن، 10یان لەنێو قوتابخانە و زانکۆکانی ئەمریکا روویاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ