ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران کارەکانی لە 20 وڵات رادەگرێت

11-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران  (NRC)، کە یەکێکە لە گەورەترین رێکخراوە مرۆییەکانی جیهان رایدەگەیێنێت، کە "ناچاربوون" کارەکانیان لە 20 وڵات رابگرن. ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ هاوکارییەکانی ئاژانسی ئەمریکای بۆ هاریکاری نێودەوڵەتی راگرت. 
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران لە راگەیێندراوێکدا بە بێ ئەوەی ناوی وڵاتەکان ئاشکرا بکات، رایگەیاند: "بۆ یەکەم جار لە مێژووماندا، ناچارین کارە مرۆییە هەنووکەییەمانمان بۆ سەدان هەزار کەسی نزیکەی 20 وڵات رابگرین، کە رووبەڕووی جەنگ، کارەساتی سرووشتی و ئاوارەیی بوونەتەوە."
 
رێکخراوە نەرویجییەکە دەشڵێت: "ئەو رێکارە دراماتیکییە لە وەڵامی راگرتن یان کەمکردنەوەی پارەدارکردنەکانی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنەکانمان دێت."
 
وەکو رێکخراوەکە ئاماژەی پێدەکات، ساڵی رابردوو، بە هاوکاری ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاری نێودەوڵەتی (USAID) یارمەتی 1.6 ملیۆن کەسییان داوە و 20٪ـی خەرجییەکانی رێکخراوەکە کە دەکاتە 150 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئاژانسە ئەمریکییەکەوە دراوە. 
 
هەروەها NRC دەشڵێت، 57 هەزار کەسی ئۆکراینی کە لە نزیک بەرەکانی پێشەوەی شەڕ پێویستییان بە هاوکاریی بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەیانتوانیوە هاوکارییەکە بگەیێنن.
 
ئەو کاتەی ترەمپ لە مانگی رابردوو گەڕایەوە کۆشکی سپی، فەرمانیکرد هاوکارییە دەرەکییەکانی ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاری نێودەوڵەتی رابگیرێت. 
 
ئاژانسی ئەمریكا بۆ هاریكاریی نێودەوڵەتی، ئاژانسێكی فیدراڵی ئەمریکایە لە تشرینی دووەمی ساڵی 1961 لە سەردەمی ئیدارەی کێنێدی، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا دامەزرا، بەرپرسە لە رێکخستنی هاوکاری دارایی و لۆجیستی سڤیل و بەرنامەی گەشەپێدان لە وڵاتانی جیهان؛ بودجەی ساڵانەی 50 ملیار دۆلارە کە لە گەنجینەی فیدراڵیی ئەمریکا دابین دەکرێت.
 
ئاژانسەکە بە گەورەترین ئاژانسی فیدراڵیی هاوکارییەکان لە جیهان دادەنرێت و بودجەکەی زیاتر لە نیوەی بودجەی هەموو ئاژانسە فیدراڵییەکانی دیکەی ئەمریکایە.
 
بارەگای سەرەکی یو ئێس ئەید لە واشنتن دی سی پایتەختە و زیاتر لە 10 هەزار کارمەندی هەیە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە