تەرمی دوو کۆچبەر لە کەناراوەکانی فەرەنسا دۆزرانەوە

10-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی فەرەنسا رایدەگەیێنن، تەرمی دوو کۆچبەرییان لە کەناراوەکانی باکووری ئەو وڵاتە دۆزیوەتەوە و شەش کۆچبەری دیکەشیان دەستگیر کردووە، کە ویستوویانە لە نۆکەندی ئینگیز بپەڕنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، داواکاریی گشتیی فەرەنسا لە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە کەناراوەکانی سنووری شاری کالێی ئەو وڵاتە تەرمی دوو کۆچبەرییان دۆزیوەتەوە. پۆلیس دەڵێت، دوو کۆچبەرەکە بەر لەوەی گیان لەدەستبدەن، ویستوویانە لەوێوە لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕنەوە بەریتانیا. 
 
داواکاری گشتیی فەرەنسا دەشڵێت، جگە لە دۆزینەوەی تەرمی دوو کۆچبەرەکە، شەش کۆچبەری دیکەشیان لەو سنوورەکە دەستگیر کردووە، کە ویستوویانە بە هەمانشێوە خۆیان بگەیێننە بەریتانیا. 
 
ئەو شەش کۆچبەرەی کە دەستگیر کراون تەمەنیان لەنێوان 19 تاوەکو 50 ساڵییە و خەڵکی هەریەکە لە ئەفغانستان، سوودان و ئێرانن. 
 
ئەو کۆچبەرەی کە گیانیان لەدەستداوە، داواکاری گشتیی دەڵێت، یەکێکیان لە سییەکانی تەمەنیدا و خەڵکی ئەفغانستانە و ئەوەی دیکەشیان تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە. 
 
داواکاریی گشتیی دەشڵێت، ئەو کۆچبەرانەی کە گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەشی کە دەستگیرکراون بەیەکەوە لەگەڵ 61 کۆچبەری دیکە ویستوویانە بە بەلەمی بچووک خۆیان بگەیێننە بەریتانیا. 
 
لەو 61 کۆچبەرە، 24ـیان چوونەتە نێو بەلەمەکە و گەشتەکەیان دەستپێکردووە، بەڵام دواتر بە هۆکارێکی نادیار گەڕاونەتەوە سنوورەکانی فەرەنسا، 37 کۆچبەرەکەی دیکەش لەلایەن پۆلیسەوە لە کەناراوەکانی ئەو ناوچەیە دوورخراونەتەوە. 
 
پۆلیسی کەناراوەکانی فەرەنسا تەنیا رۆژی شەممە، رێگرییان لە 230 کۆچبەر کردووە کە ویستوویانە لە نۆکەندی ئینگلیز خۆیان بگەیێننە بەریتانیا. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە بەرپرسانی فەرەنسا بڵاویان کردووەتەوە، ساڵی رابردوو، 77 کۆچبەر لە نۆکەندی خنکاون. 
 
پاریس و لەندەن هەردوولایان بە یەکەیەوە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوە و دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچییانەیان دەستپێکردووە، کە خەڵک لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا دەگوازنەوە. 
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاند، لە شاری دیژۆنی ئەو وڵاتە باندێکی قاچاخچی کە لە پێنج کەس پێکهاتوون و سییانیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن رووبەڕووی تیمێکی هاوبەشی فەرەنسی و بەریتانی بوونەتەوە و پۆلیسێکییان بریندار کردووە. 
 
پۆلیسی فەرەنسا یەکێک لە تۆمەتبارەکانی بە برینداری لە نزیک شوێنی رووداوەکە دەستگیرکرد و دواتریش رایگەیاند، سێ کەسی دیکەشی دەستگیر کردووە، کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە