رووداو دیجیتاڵ
میدیای کۆریای باشوور رایدەگەیێنێت، لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی ئەو وڵاتە مامۆستایەک قوتابییەکی هەشت ساڵانی بەر چەقۆ داوە و کوشتوویەتی.
رۆژی دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، میدیای کۆریای باشوور رایگەیاند، مامۆستایەکی ژن کە لە 40ـەکانی تەمەنییەتی دانی بەوەدا ناوە، لە قوتابخانەیەکی شاری دەیجۆن چەقۆی لە قوتابییەکی داوە.
میدیای کۆریای باشوور دەشڵێت، قوتابییەکە بە برینداری گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیان لەدەستداوە.
تائێستا ئەوە ئاشکرا نەکراوە کە مامۆستاکە چەند چەقۆی لە قوتابییەکەی داوە، بەڵام میدیای ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکات، چەقۆکانی لە قۆڵ و ملی داوە.
ئەو مامۆستایەی کە تاوانەکەی کردووە، بەگوتەی پۆلیس، پێشتر ساڵێک بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە، مۆڵەتی وەرگرتووە و ساڵی رابردوو گەڕاوەتەوە قوتابخانەکەی.
پۆلیسی کۆریای باشوور دەڵێت، مامۆستاکەش شوێنی ژمارەیەک چەقۆی بە جەستەیەوە دیارە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازاندرێت هۆکارەکەی چی بووە.
کۆریای باشوور بە وڵاتێکی سەلامەت هەژمار دەکرێت و ساڵی 2021، رێژەی تاوان لەو وڵاتە لە هەر 100 هەزار کەسێک، 1.3 بووە.
لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی 2023، ژمارەیەک رووداوی چەقۆلێدان لەو وڵاتەدا تۆمار کراوە.
لە ئابی رابردووش، لە شاری دەیجون مامۆستایەکی ئامادەیی بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ