رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، بەگوێرەی ئەو پلانەی کە بۆ غەززە هەیەتی، فەلەستینییەکان مافی گەڕانەوەیان بۆ کەرتەکە نییە.
رۆژی دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دەیەوێت فەلەستینییەکان بۆ شەش شوێنی دیکە بگوازێتەوە.
ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی: "ئێمە کۆمەڵگەی پارێزراو دروست دەکەین کە کەمێک لەو شوێنەی ئەوان لێی دەژین [غەززە] دوورە، لەو شوێنە دوورە کە ئەو هەموو مەترسییەی لێیە."
ترەمپ هەروەها گوتیشی: "لەم ماوەیەدا، من خاوەنداریێتی ئەمە دەکەم. وەک پڕۆژەیەکی خانووبەرە بۆ داهاتوو بیری لێ بکەوە، پارچە زەوییەکی جوان دەبێت."
پرسیار لە ترەمپ کرا کە "ئایا فەلەستینییەکان مافی گەڕانەوەیان بۆ کەرتەکە هەیە؟" ترەمپ گوتی، "نەخێر، ئەوان ئەو مافەیان نییە، لەبەر ئەوەی خانووی زۆر باشتریان دەست دەکەوێت."
ترەمپ غەززەی بە شوێنێکی نەشیاوی نیشتەجێبوون ناوبرد و رایگەیاند، پێیوایە دەتوانێت لەگەڵ ئوردن و میسر رێکبکەوێت ساڵانە "ملیاران" دۆلاریان پێبدات بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان لەوێ نیشتەجێ بکرێن.
رۆژی 04-02-2025 دۆناڵد ترەمپ پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، بیرۆکەی ئەو بۆ غەززە ئەوەیە، وڵاتانی ناوچەکە غەززەییەکان وەربگرن و ئەمریکا دەست بەسەر ئەو کەرتەدا بگرێت و بیکاتە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بازرگانی.
ئەو بیرۆکەیەش ناڕەزایەتی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی رۆژئاوایی بەدوادا هات.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشوازی لە بیرۆکەکەی ترەمپ کرد و بە "خاڵێکی وەرچەرخان" ناوی برد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ